لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئەڵمانیا زیاتر لە شەش هەزار پەنابەری دیپۆرت کردووەتەوە
هەساو ئەمیر
٢٥ی ئایاری ٢٠٢٥
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاندووە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئەڵمانیا زیاتر لە شەش هەزار پەنابەری دیپۆرت کردووەتەوە.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاندووە، ئەڵمانیا بەشێوەیەکی چڕ دەستی کردووە بە ناردنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانی خۆیان، یان بەپێی رێککەوتننامەی 'دبلن' بۆ ئەو وڵاتەی لە رێگەیەوە چوونەتە وڵاتەکەیەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەزگای لوتکە بڵاویکردووەتەوە، تەنها لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ئەڵمانیا شەش هەزار و 151 پەنابەری دیپۆرت کردووەتەوە، کە ئەمەش بەراورد بە چارەکی سەرەتای دوو ساڵی رابردوو، زۆرترین رێژەی ناردنەوەی پەنابەرانە.
ئەوەش هاتووە، لەو ژمارەیەی دیپۆرت کراونەتەوە، 157 کەسیان بۆ عیراق و پێنج کەسیان بۆ ئێران بوون، هەروەها نزیکەی هەزار و 700 کەسیشیان بەپێی رێککەوتننامەی دبلن دیپۆرت کراونەتەوە، ئەمەش واتە دەگەڕێنرێنەوە بۆ یەکەم وڵاتی یەکێتی ئەوروپا کە لەکاتی پەنابەریدا پێی گەیشتوون.
لەو شەش هەزار کەسەی دیپۆرت کراونەتەوە، زۆرترینیان بۆ تورکیا، جۆرجیا، فەرەنسا، ئیسپانیا و سربیا بوون. هەروەها دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵیش هەبووە کە یەکێک لەو وڵاتانەی بەکۆمەڵ دیپۆرتی بۆ کراوە پاکستان بووە و تێچووی گەشتەکەش زۆر بووە و گەیشتووەتە 462 هەزار یۆرۆ.
هەربەپێی راپۆرتەکەی دەزگای لوتکە، ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج، لە هەندێک کاتدا مامەڵەی توندی پۆلیس بووە لەگەڵ پەنابەران، هەروەها ماماڵەیەکی نائاسایی لەگەڵیاندا بەوەی هەندێک جار پەنابەریان لە نەخۆشخانە دەرهێناوە بۆ ناردنەوەی.