حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، لە رێی چەند موشەکێکی دەریایی گونجاوەوە، کەشتی نەوت ھەڵگری "ئێم فی تۆرم سور" ی ئەمریکایان لە کەنداوی عەدەن بۆردومان کردووە، ھاوکات چەند کەشتیەکی جەنگیی ئەمریکیش لە دەریای دەریای سور لە رێی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج .
لەو راگەیەندراوەدا حوسییەکان ھەرەشەی ئەوەیان کردووە کە لە رێی چەندین ئۆپراسیۆنی سەربازی ترەوە روبەروی ئەمریکا و بەریتانیا دەبنەوە لە دەریای سور و دەریای عەرەبی و ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی جەنگ و دوژمنکاری و گەمارۆ لەسەر کەرتی غەززە ھەڵدەگیرێت .
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابوری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لە جیھاندا گرنگی پێدەدرێت بۆ بەکارھێنانی وزەی خاوێن وەکو وزەی خۆر بەو پێیەی کە زۆرترین کات خۆر تیایدا دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق دەچێتە ناو پێگە جیھانیەکان بۆ کەمکردنەوەی غازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە رێگەی بەکارھێنان و ھاوردەکردنی غازی سروشتییەوە و یەدەگی غاز لەو وڵاتدا بەرزە و ریزبەندی ١٢ەمینی گرتووە لە جیھاندا.
دەشڵێت، لە ئێستادا حکومەت بیر لە فرەچەشنەکردنی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی وزە دەکاتەوە و یەکێک لە بابەتەکانیش غازی سروشتییە و ھەناردەی دەرەوەی دەکەن و ھەوڵدەدرێت سوتەمەنی تر لە ناوخۆ بەرھەم بھێنێت.
رادیۆی "کان" ی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، لە کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی جەنگدا، راپۆرتی دانوستانکارە ئیسرائیلییەکان تاوتوێکراوە سەبارەت بە کۆبونەوەکانی پاریس کە لە نێوان نوێنەرانی ئەمریکا و ئیسرائیل و میسر و قەتەر بەرێوەچوون سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و بەپێی زانیارییەکان ئەمریکی و قەتەری و میسرییەکان پێشنیازی نوێیان خستۆتەروو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان، ھەربۆیە ئەنجومەنی جەنگ بریاریداوە بەردەوامی بە دانوستانەکان بدرێت بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێک رەوانەی قەتەر بکرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پێشنیازە نوێیەی خراوەتە بەردەوام ئیسرائیلییەکان ئەوەیە کە حەماس ٤٠ بارمتە ئازاد بکات و لە بەرامبەریشدا شەڕ بۆ ماوەی ٦ ھەفتە رابگیرێت و سەدان بارمتەی فەلەستینیش لای ئیسرائیل ئازاد بکرێن .
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە ئەمساڵدا لە سوریا تیرۆرستانی داعش لە رێگەی ٥٠ پرۆسەوە زیاتر لە ١٠٠ کەسیان کوشتوە کە زۆربەیان مەدەنین و لە ناویاندا منداڵ ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی کات داعش لە رێگەی رفاندن، چاندنی بۆمبی چێندراو یان بۆسەوە ھێرشەکانی ئەنجام دەدات و بەو ھۆیەوە ھاووڵاتیانی مەدەنی دەکوژرێن.
دەشڵێت، بەپێی ئامارەکان لە ئەمساڵدا داعش ١٦ ھێرشی لە دێرەزور و ٢٧ پرۆسە لە حومس و سێ پرۆسە لە رەقە و حەڵەب ئەنجامداوە زۆربەی ھێرشەکانیش لە ناوچە مەدەنیەکان ئەنجامدراون.
"عەلی یەرلیکایا"وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەفەس ٤٦ بە ھەماھەنگی ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان ٤٧ گومانلێکراو دەستگیر کران، دەستیش بەسەر کۆمەڵێک چەکی بێ مۆڵەتدا گیراوە.
لەلایەمی ترەوە لە ئیستەنبوڵ تۆمەتبارێکی ساغکردنەوەی ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکرا، لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین لە ماڵەکەی دەست بەسەر ١ کیلۆ و ٥ گرام ماددەی ھۆشبەردا گیراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو راپۆرتێکی سەبارەت بە رەوشی بەندکراوەکانی زیندانییەکانی ئێران بڵاوکردوەتەوە، بەپێی راپۆرتەکە لە ساڵی رابردوو ٣٢ بەندکراو، لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە.
ھەربەپێی راپۆرتەکە، لەو ژمارەیەی بڵاوکراوەتەوە، دوو بەندکراو ماوەیەکی کورت لە دوای ئازادکردنیان گیانیان لەدەستداوە، تۆمەتبارێکیش لە کاتی ھەڵھاتن بە تەقەی ھێزەکانی ئیتلاعات کوژراوە، ھەروەھا لە ساڵی ڕابردوو ٩ بەندکراوی سیاسی بە ھۆی کەمتەرخەمی لە گەیاندن بۆ ناوەندەکانی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە، ١١ بەندکراوی تریش لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون، بە پێی ئەو ئامارەش ٦٠%ی قوربانییەکان بەندکراوانی کورد بوون.
فەرماندەیی سەربازیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا کە بە سینتکۆم ناسراوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای سەلماندنی راستی زانیارییە ھەواڵگرییەکان و لە چوارچێوەی مافی بەرگری لەخۆکردن، لە ناوچەیەکەی ژێر دەسەڵاتی حوسیەکانی یەمەن لە رێگەوی ھێرشێکەوە حەوت مووشەکی جۆری کروزی دژە کەشتییان تێکشکاندووە کە ئامادەکرابوون بۆ ھێرشکردنە سەر چەند ئامانجێک لەناو دەریای سور.
سینتۆکم لە راگەیەندراوێکی تریشدا ئاشکرایکردووە، بەھۆی ھێرشێکی حوسییەکانەوە بۆ سەر کەشتی رۆبیمار کە خاوەندارییەکەی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە، زیان بەر کەشتییەکە کەوتووە و بەھۆیەوە بە درێژایی ٢٩ کیلۆمەتر نەوت رژاوەتە ناو دەریای سوور کە ئەوەش مەترسی کارەساتێکی ژینگەیی لێدەکرێت.
بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، ھەرچەندە ھاوردەکردنی مۆبایلی ئایفۆن بۆ ئێران قەدەغەیە، بەڵام لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا بەبەھای ملیۆنێک دۆلار مۆبایلی ئایفۆن لە رێگەی وڵاتانی وەک ئیمارات و وڵاتانی دراوسێوە براونەتە بازاڕەکانی ئێران.
راشیگەیاندوە، کۆمپانیای ئەپڵ ھیچ نوسینگەیەکی رەسمی لە ئێراندا نییە و تەنانەت خزمەتگوزاری پڕگرامەکانیش دابین ناکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، نرخی ئامێری مۆبایلێکی ئایفۆن ١٣ پرۆ ماکس بە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن تمەن کە دەکاتە نزیکەی ٢ ھەزار دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەفدێکی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی باڵیۆز حەیدەر شیاع سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی دەرەوە بەشداریکردووە لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری دادگای دادی نێودەوڵەتی لەسەر داوای کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ھەڵسوکەوت و پێشێلکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و کەناری خۆرائاوا لە فەڵەستین.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی وەفدی عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا داوایکرد دادگای دادی نێودەوڵەتی ھەڵوێست و ھەنگاوی جددی ھەبێت بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بۆئەوەی بە زووترین کات پێشێلکارییەکانی سوپای ئیسرائیل لە بەرامبەر خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە و کەناری خۆرئاوا رابگیرێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین لە راگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆئەوەی کەناری خۆرئاوا بخاتە سەر خاکی وڵاتەکەی، ئیسرائیل پلانێکی ھەیە بۆ دروستکردنی سێ ھەزار و ٣٠٠ یەکەی نوێی نیشتەجێبوون لە کەناری خۆرائاوا کە پلانەکە قودسی خۆرھەڵاتیش دەگرێتەوە و ئامانجەکەشی بچووکردنەوەی خاکی فەڵەستینە.
راشیگەیاندووە، ئەو پلانەی ئیسرائیل پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەبێتە رێگرێکی گەورەش لە بەردەم بەدیھێنانی ئاشتی و و کۆتایی ھێنان بەشەڕ، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردووە ھەڵوێستی جددی ھەبێت و رێگری لە ئیسرائیل بکات بۆئەوەی نەتوانێت پلانەکەی جێبەجێ بکات و ئەو ژمارە زۆرەی یەکەی نیشتەجێبوون لە کەناری خۆرئاوا دروست بکات.
ئاژانسی سی بی ئێس نیوز لە زاری لێپرسراوانی باڵای سەر بە ھێزە ئەمنییەکانی ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی باڵۆنێک لە ئاسمانی ناوچەیەکی خۆرئاوای ئەمریکا، دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردووە و لە رێگەی فڕۆکە سەربازییەکانەوە لێی نزیکبوونەتەوە و دڵنیاییان داوە کە ئەو باڵۆنە ھیچ مەترسی و ھەڕەشەیەک دروست ناکات.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو باڵۆنە بەردەوامە چونکە تائێستا سەرچاوەی ناردنی باڵۆنەکە و ئامانج لە رەوانەکردنی بۆ سنوری ئاسمانی ئەمریکا نەزانراوە.
دیمیتری میدڤیدیڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا رایگەیاند، روسیا ھەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە رۆژئاوا دەکاتەوە لە بەرامبەر ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێندراوە بەھۆی مردنی ناڤالنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن و دووەمین ساڵیادی جەنگی ئۆکراین و روسیا.
دەشڵێت، پێویستە ھەموویان لە یادتان بێت کە تۆڵەیان لێدەکرێتەوە لە ھەر شوێنێک بن، چونکە ئەوان دوژمنی روسیان.
٢٣ی ئەم مانگە ئەمریکا بەھۆی شەڕی ئۆکراین و مردنی ناڤالنیەوە زیاتر لە ٥٠٠ سزای نوێی دارایی و سەربازی بەسەر روسیادا سەپاند.
فەرماندەی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتی روبیماری بەریتانی ٤١ تۆن نەوتی رەش و فسفۆڕی ھەڵگرتوە و دوای نقومبونیشی بە درێژایی ٢٨ کیلۆمەتر نەوتی رەشی لە دەریای سور بڵاوکردوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حوسیەکان لە ھێرشە ھەڕەمەکیەکانیان بەردەوامن و نقومبونی ئەو کەشتیە ھەڕەشە بۆ سەر ماسی و ماسیگرەکان و خۆراک و زیندەوەری ناو دەریاکە دروستدەکەن.
ھاوکات حکومەتی یەمەن داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بەپەلە ھەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی کەشتییە بەریتانییەکە دروستیکردووە، چونکە چاوەڕواندەکرێت کارەساتی ژینگەی گەورە دروستبکات.
دەشڵێت، کەشتییەکە بڕێکی زۆر لە ئەمۆنیا و فسفۆڕ و نەوتی ھەڵگرتووە و پێویستە رێگری بکرێت لە دزەکردنی ئەو ماددە مەترسیدارانە بۆ ناو دەریاکە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، لە داھاتوویەکی نزیکدا سوپا و ھێزە چەکدارەکانی روسیا لە رێگەی ھێرشی پێچەوانەوە تووشی شۆک دەکەن، سوپای وڵاتەکەشی بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە و چاوەڕوانی ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزە کە لە رێگەی ئەو ھێرشە کتوپڕەوە چەندین ناوچە رزگار دەکەن.
لە بەرامبەریشدا سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، زانیاری وردی ھەواڵگرییان لەبەردەستدایە لەبارەی پلانی ئۆکراین بۆ ھێرشی پێچەوانە و سوپای روسیاش ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھێرشانە کردووە.
فەرماندەیی باڵای ھێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، دوای چاودێری و لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر بنەمای زیانیارییە ھەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی، لە بەندەری ساوسامپتۆنی بەریتانیا لەناو بارھەڵگرێکدا کە مۆزی پێبووە دەستیان بەسەر ٥.٧ تۆن ماددەی ھۆشبەردا گرتووە لە جۆری کۆکاین، ئەوەش گەورەترین بڕی ماددەی ھۆشبەرە کە لە مێژووی بەریتانیا دەستی بەسەردا گیرابێت و گورزێکی کوشندەشە لە مافایاکان و گرووپە تاوانکارییەکان.
راشیگەیاندووە، بەھای ئەو ماددە ھۆشبەری دەستی بەسەردا گیراوە ٥٧٠ ملیۆن دۆلارە و ئەوەندە زۆرە بەشی دوو جار کێشان دەکات لەلایەن ھەر ھاوڵاتییەکی بەریتانی بە ژن و منداڵ و پیاوەوە، لە ئێستاشدا لەگەڵ ھاوبەشە ئەوروپییەکانیان لەھەوڵدا بۆ دۆزینەوەی ئەو گروپ و لایەنانەی پەیوەندییان بەو ماددە ھۆشبەرەوە ھەیە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری حسێن عیزی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حوسیەکانی یەمەنەوە بڵاویکردووەتەوە، گەرووی بابولمەندەب کە تائێستا کراوەیە و دانەخراوە، نیشانەی ئەوەیە حوسیەکان لەگەڵ بەردەوامی جموجۆڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و نایەوێت کێشەی بۆ دروست بکات، ئەمەش سەرجەم تۆمەت و زانیارییە ناڕاستەکانی ئەمریکا و بەریتانیا رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حوسیەکان دەیەوێت جموجۆڵی بازرگانی لە دریای سور پەکبخەن.
وتیشی، ئەوەندە ھێز و توانایان ھەیە کە بتوانن گەرووی بابولمەندەب بە یەکجاری دابخەن، بەڵام ئەو کارە ناکەن، بەڵام رێگە بە ھیچ کەشتییەک نادەن بە دەریای سور و کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا ھاتووچۆ بکات ئەگەر بە ھەر شێوەیەک پەیوەندییان بە ھیچ لایەن و کەسایەتییەکی ئیسرائیلییەوە ھەبێت.