وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەیان ئامادە نییە تەنانەت بەشێوەی کاتی؛ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.

ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران ئامادە نییە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، ئەگەرچی بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان داوایان کردووە، بەڵام ئەوە "هێڵی سورە" لە دانوستانەکاندا.

وتیشی، هێشتا هیچ وادەیەک بۆ خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانەوە دیاری نەکراوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد، "پێشکەوتن هەیە لەگەڵ ئێراندا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە، ئەگەری هەیە لە دوو رۆژی داهاتوودا هەواڵێک رابگەیەنین".