د. رەھێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ستۆدیۆی ٨ی کوردسات نیوز رایگەیاند، وەکو تیمی یەکێتی لە وەزارەتی تەندروستی تێبینی و گلەیەکانی خۆیان خستووەتەڕوو و باسی ئەو کێشانەیان کردووە رایانگەیاندووە ئەوەی دەکرێت لەرووی دامەزراندووە نادادپەروەرییە و نابێت قبوڵبکرێت.
وتیشی، وەزیری تەندروستی دڵنیاییکردنەوە بەھیچ شێوەیەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە نوسراوی رەسمی نەکراوە و ئاگاداری ئەو دامەزراندنانە نین، بەڵکو لە رێگەی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆوە نوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و فەرمانیان بۆ دەرکراوە.
راشیگەیاند، داواکاری و پێداویستییەکان لە رووی دامەزراندن و کێشەی دەرمانەوە ئاڕاستەی وەزیری تەندروستکراون و بەڵێنی داو بە زووترین کات لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کاری لەسەر بکات.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، وەکو تیمی یەکێتی بەدواداچوونیان دەبێت و داکۆکەری راستەقینە دەبن لەسەر ھەموو کێشەکان و جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنەوەیان و کارمەندانی خۆبەخشیش کاریگەری باشیان ھەبووە و لەکاتێکدا نیوەی ستافی تەندروستی کەمیکردووە، ئەگەر ئەوان نەبوایە نەیادەتوانی ئەو کەلێنە پڕبکەنەوە، دڵنیایان دەکەینەوە داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین.
لە فەرمانێکی وەزاریدا کە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەرەوەیە ھاتووە، پاڵپشت بە کۆنوسی کۆبوونەوەی ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٢ی ئەنجومەنی وەزارەت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی بڕیاردرا، ڕێگە بە ھیچ خوێندکارێکی خوێندنی باڵا ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان نەدرێت میوانداری سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی تاوتوێکردنی ماستەرنامەو تێزی دکتۆرا بۆ نانخواردن بکەن و شوێنی مانەوەیان بۆ دابین بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکە لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی سەرشانی خوێندکارانە، ھەروەھا شەفافیەت و پرۆفیشناڵی لە ئەنجامدانی پرۆسەی تاوتوێکردن دەرکراوە.
لە نووسراوەکەدا ئەوەشھاتوە پێویستە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی تاوتوێکردن پابەند بن بە ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەی گوشتارگەکانی بەرھەمی گۆشتی مریشکی خۆماڵی کۆبووەوە و باس لە خاڵەکانی ناوەرۆکی دواین لێکتێگیشتنی نێوان وەزارەتیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرا بۆ ئەوەی لە ژێر رۆشنایی ئەم بڕیار و راسپاردانە کاربکرێت لەسەر پارێزگاری لە ساغکردنەوەی بەرھەمی خۆماڵی سەربڕخانەکان و بەرەسمی ناساندنی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەناردەکردنی بەرھەمی گۆشتی مریشک بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
ئاماژەبەوەشکراوە، بڕیاردرا بە کاراکردنەوەی دانانی ستیکەر و بارکۆد لەسەر بەرھەمی ئەو گوشتارەگە رەسمیانەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون و مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشھاتووە، لەپێناو بازاڕسازی ناوخۆی وابڕیارە لەرێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە داوا لەوەزارەتە پەیوەندیدارەکان و مۆڵ و مارکێت و چێشتخانەکان بکرێت کە بەرھەمی سەربڕخانەکانی خۆماڵی بەکاربھێنن.
لە کۆبوونەوەکاندا بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ھەڤاڵان کرد کە وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندەکانی گەرمیان و شارەزوور دەستبەکاربوون.
لەبەرامبەر خستنەڕووی راپۆرتێک کە خۆی لە پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی ئۆرگانە حزبییەکان و خزمەتکردنی خەڵکی ئەو دوو سنوورە دەبینییەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردەوە گەرمیان و شارەزوور دوو ناوچەی گرنگ و پڕبایەخن، مێژووی قوربانیدان و سەروەرییەکانیان لە شۆڕشی نوێ بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانمان کە ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی تێکۆشەری شارەزوور و گەرمیان. چونکە لای ئێمە ئەم سنوورانە بزوێنەری شۆڕش و قەڵای پشتیوانیی یەکێتین.
سەبارەت بە ئەرکی نوێی رێکخراوەیی و بەرپرسیارێتی مەڵبەند و دامەزراوەکانی یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئۆرگانەکانی یەکێتی گوزارشت لە سیاسەتی یەکێتی لە ناوچەکانی خۆیاندا دەکەن، بۆیە ئەرکی مەکتەب، مەڵبەند و کۆمیتەکانە دەرگایان بەڕووی ھاووڵاتییاندا کراوەبێت و خزمەتکاری خەڵک بن. نابێت ھیچ بەربەستێکیش لەنێوان لێپرسراوانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکدا ھەبێت. چونکە یەکێتی لەناخی ئەوانەوە ھەڵقوڵاوە و دەبێت بەدەم داخوازییەکانیانەوە بچین و خزمەتیان بکەین.
لەو رووەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەر دوو لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان و شارەزووری راسپارد یەکێتییانە لەخزمەتی ناوچەکەیاندا بن و ئەگەر لە رابردوودا گلەیی یاخود ھەر ناڕەزاییەک بەرامبەر یەکێتی ھەبووبێت، ئەوا پێویستە گلەیی و ناڕەزاییەکان بکەنە بنەمای بەخۆداچوونەوە و خزمەتکردن. بۆ ئەمەش ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکی بۆ دەربڕین.
ماوەی ھەشت رۆژە شەڕی تورکیا و پەکەکە لەناو خاکی ھەرێم بەردەوامە، بە پێی راگەیەندراوی ھێزەکانی پاراستنی گەل "ھەپەگە"، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین ٢٩ سەربازی دیکەی تورکیا کوژراون و ١٠ی دیکەش بریندارن. بەپێی ئاماری ھەپەگە لە ماوەی ھەشت رۆژدا ١٢٩ سەرباز و پلە باڵای تورکیا کوژراون.
لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، ١١ گەریلای دیکەی پەکەکە لە دوو ئۆپەراسیۆندا گیانیان لەدەستداوە و کۆی گشتی گیان لەدەستدانی گەریلاکان گەیشتە ٦٤ کەس.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، شەوی رابردوو تەرمی کەسێک لە ناو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و بەپێی زانیارییەکان خەڵکی رۆژئاڤای کوردستانە.
وتیشی، ئەو کەسەشی تۆمەتبارە بە کوشتنی خەڵکی رۆژئاڤای کوردستانە و دوای کوشتنی پارچەپارچەی کردووە و لە ماڵەکەیدا شاردویەتییەوە، دواتر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیکراوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، ھەر بەپێی زانیارییەکان کوژراوەکە تەمەنی لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵدایە و ماوەی سێ رۆژ بوو دیارنەمابوو.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە پاریزگاکانی ھەرێمی کوردستان نیمچە ھەور دەبێت و بۆ سبەی ئاسمان نیمچە ھەور و ھەوری تەواو دەبێت، ئەگەری نمەباران لە ھەندێ کات و ھەندی ناوچە ھەیە، لە شەودا ئەگەری نمەباران زیاتر دەبێت.
ھەر بە پێێ پێشبینییەکانی کەشناسی سبەی پلەکانی گەرما دوو تا سێ پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، ڕۆژی ٢١ی نیسان سێ کۆڵبەر کە خەڵکی جوانڕۆ و کامێرانن، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.
ھەروەھا سێ کۆڵبەری تری خەڵکی جوانڕۆ و کامێران لەلایەن ھێزە چەکدارەکانەوە ڕاونراون و لە کاتێکدا ویستوویانە کە دەرباز بن بەھۆی بەربوونەوە لە ھەڵدێرەوە بە سەختی بریندار بوون و دەست و قاچیان شکاوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ھەمان رۆژ دوو کۆڵبەری تر بەھۆی راوەدونانیان بریندار بوون.
لەوبارەیەوە دیلان رواندزی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکەمان درێژ دەبێتەوە و ئەوەش وادەکات لە ماوەی کاریگەریی ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو.
وتیشی، لەگەڵ ھاتنی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە لە بەشێک لە ناوچە جیاجیاکان نمە باران ببارێت و ڕۆژی سێشەممە کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە زیاتر دەبێت و باران لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت و ھەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت، پلەکانی گەرما دوو تا چوار پلە نزم دەبنەوە .
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راشیگەیاند، رۆژی چوارشەممە کاریگەری ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە بەردەوام دەبێت و نمە باران دەبارێت و ھەندێ کات ئەگەری شەستە باران و لێزمە بارانی کورت خایەن ھەیە و خێرایی با ھەندێ کات زیاد دەکات و پێشبینی دەکرێت شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە کاریگەری ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە کۆتایی بێت .
عەلی رەئوف نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، بە نوسراوی نھێنی لە پاریزگای دھۆک ٤١ کەس لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە دامەزراوە بەدەر لە رێنماییەکان، لە کاتێدا چەندین ساڵە دامەزراندن راگیراوە و کەس دانامەزرێت.
وتیشی، نزیکەی ٢٥ ھەزار مامۆستای وانەبێژ لەناو کەرتی پەروەردە خزمەت دەکەن، تائێستا یەکێک لەو وانەبێژانە نەکراون بە گرێبەست و ھەروەھا چەندین کوڕ و کچە شەھید وانەبێژن کەسیان دانەمەزراون، بەڵام بۆ ئەوانەی خۆیان بیانەوێت دادەمەزرێت.
وتیشی، ئەو کەسانەی دامەزراون پێشتر بە ھیچ شێوەیەک گریبەست نەبوون.
نوێنەری کارمەندانی تەندروستی خۆبەخش لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، ژمارەیان زیاتر لە ١٢ ھەزار دەرچووی دانەمەزراوە و چەندین ساڵە بە بیانوی جۆراوجۆر و بڕواپێنەکراو دامەزراندن راگیراوە، لە کاتێکدا دامەزراندن بە بەردەوامی بۆ وەزارەتەکانی تر ھەبووە و تەنانەت لە وەزارەتی تەندروستیشدا جیاوازی کراوە و داواکارن ئەو ستەمەی لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان راپەڕین دەکرێت کۆتایی پێبھێنرێت و دەرگای دامەزراندنیان بۆ بکرێتەوە.
وتیشی، لە ئێستا ٥٠٪ی کاری کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی سلێمانی بە خۆبەخش بەرێوەدەچێت، ئەگەر دانەمەزرێن ئەوا تەندروستی ھاوڵاتیان دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە دامەزراندنی بەشە پزیشکییەکان بەردەوام بێت.
راشیگەیاند، لە ھەولێر و دھۆک نوسراوی دامەزراندن بە نھێنی بە ناوی جۆراوجۆر دەکرێت تائێستا ژمارەیەکی زۆر کارمەندی تەندروستی دامەزرێنراون، لە کاتێکدا سنوری پارێزگای سلێمانی پشگوێخراوە، لەبەر ئەو ھۆکارانە نەخۆشخانەکانیان جێھیشتووە و ناڕۆنەوە سەر کار تا ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە.
مەلا ناسر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەنێو خۆپیشاندانی بەشێک لە کارمەندانی گرێبەست لە ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، ئەو لیستە دامەزراندنەی لە دھۆک و زاخۆ کراوە سزادانی سیاسی زۆنی سەوزە و قبوڵی ناکەین.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، مەلا ناسر وتی، لە دھۆک و زاخۆ بە لیستی ١٠٠ کەسی و ٩٠ کەسی خەڵک دادەمەزرێنن، کەچی لە پارێزگاکانی دیکە خەڵک بێکارن، دەشڵێت "ئەمە کارەساتێکی گەورەیە."
وتیشی "حکومەت چۆن لە دھۆک و زاخۆ خەڵک دادەمەزرێنێت، دەبێت لە گەرمیانیش کە لانکەی شۆرش و خەبات و دروستبوونی ئەم حکومەتەیە، خەڵک دابمەزرێت."
مەلا ناسر ڕاشیگەیاند "ئەوەی کراوە غەدرێکی گەورەیە لە خەڵکی زۆنی سەوز کراوە، غەدرە حکومەت بەناو حکومەتی ھەرێم بێت، بەڵام تەنیا بۆ لایەنێک ئیش بکات، ئەمەی کراوە سزادانی سیاسی زۆنی سەوزە."
دەشڵێت "ئەوە قبوڵ ناکەین و دەنگی خۆبەخشانی تەندروستی دەگەیەنینە سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەت و ھەرێمی کوردستان."
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند حەوت مووشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی تورکیا لە زێلکان کراون و سێ لە مووشەکەکان بەر بنکە سەربازییەکە کەوتوون و چوار مووشەکەکەی دیکە لە دەوروبەری سەربازگەکە کەوتونەتە خوارەوە.
هەروەها پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد سوپای تورکیا لە وەڵامی ئەو موشەکانە ٤ موشەکی ئاراستی ئەو ناوچەیە کردووە کە موشەکەکانی لێوە ئاراستە کراوە تا ئێستاش زەرەر و زیانەکان نەزانراون
ھێرشەکەی سەر بنکەی سەربازی تورکیا لە زێلکان ھاوکاتە لەگەڵ ھێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر چیای مەتین و دەڤەری نھێلی.
لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر چەن ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان، ھێرشەکان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا زیادیان کردووە.
بنکەی زێلکان بنکەیەکی سەربازی تورکیایە و دەکەوێتە دەوروبەری چیاکانی ناحیەی "بەعشیقە"، زیاتر لە ھەزار سەربازی تورکی و ٤ ھەزار سەربازی عێراقی تێدا جێگیر کراوە.
لێپرسراوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پارتی ھۆڵەندی گرێبەستێکی بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی واژو کرد و گرێبەستەکە بۆ ماوەی ١٠ ساڵی ئایندە کاریپێدەکرێت.
ئامانج لە کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە "ئیمزاکردنی گرێبەستی پەیوەندی یەکانی نێوان یەکێتی وڕێکخراوی نێودەوڵەتی پارتی ھۆڵەندی بۆ ١٠ دەساڵی ئایندە سەبارەت بە پێشخستنی پەیوەندی یەکانی وڵاتی ھۆڵەنداویەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆکاروباری ڕێکخراوەیی ودیبلۆماسی."
کۆبوونەوەکەلەمەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەڕێوەچوو لەنێوان لێپرسراوانی مەکتەبی پەیوەندی یەکان وبیرو وشیاری ومەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان و وتەێژی یەکێتی ونوێنەری یەکێتی لەھۆڵەندا لەگەڵ لێپرسراو بەشێک لەندامانی ڕێکخراوەکە.
سەرچاوەیەک بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دەربارەی ئەو ناھەقی و پشتگوێخستنەی بەرامبەر سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی کراوە، سبەی لە وەزارەتی تەندروستی ھەرێم تیمێکی وەزارەت لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆدەبنەوە.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، ئەگەر وەزارەتی تەندروستی گرفتەکانی کەرتی تەندروستی سنوری پارێزگای سلێمانی چارەسەر نەکات، ھەڵوێستیان دەبێت بەرامبەر کارەکانی وەزیری تەندروستی.
هاوکات ھەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرانی سندوقی شێرپەنجە لە کۆبوونەوەی سندوقی شێرپەنجە چوونەتە دەرەوە، چونکە ھیچ ئەندامێکیان لە بۆردی بەڕێوەبردنی سندوقەکە دانەنراوە.