چارەسەری کێشەی ھەناردەکردنی گۆشتی مریشک بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت
کوردسات نیوز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ خاوەنی پڕۆژەی گوشتارگەکانی بەرھەمی گۆشتی مریشکی خۆماڵی کۆبووەوە و باس لە خاڵەکانی ناوەرۆکی دواین لێکتێگیشتنی نێوان وەزارەتیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کرا بۆ ئەوەی لە ژێر رۆشنایی ئەم بڕیار و راسپاردانە کاربکرێت لەسەر پارێزگاری لە ساغکردنەوەی بەرھەمی خۆماڵی سەربڕخانەکان و بەرەسمی ناساندنی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەناردەکردنی بەرھەمی گۆشتی مریشک بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
ئاماژەبەوەشکراوە، بڕیاردرا بە کاراکردنەوەی دانانی ستیکەر و بارکۆد لەسەر بەرھەمی ئەو گوشتارەگە رەسمیانەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون و مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشھاتووە، لەپێناو بازاڕسازی ناوخۆی وابڕیارە لەرێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە داوا لەوەزارەتە پەیوەندیدارەکان و مۆڵ و مارکێت و چێشتخانەکان بکرێت کە بەرھەمی سەربڕخانەکانی خۆماڵی بەکاربھێنن.