بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەرپرسیارین ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی تێکۆشەری شارەزوور و گەرمیان
کوردسات نیوز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢
لە کۆبوونەوەکاندا بافڵ جەلال تاڵەبانی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ھەڤاڵان کرد کە وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندەکانی گەرمیان و شارەزوور دەستبەکاربوون.
لەبەرامبەر خستنەڕووی راپۆرتێک کە خۆی لە پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی ئۆرگانە حزبییەکان و خزمەتکردنی خەڵکی ئەو دوو سنوورە دەبینییەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیکردەوە گەرمیان و شارەزوور دوو ناوچەی گرنگ و پڕبایەخن، مێژووی قوربانیدان و سەروەرییەکانیان لە شۆڕشی نوێ بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانمان کە ھەموو ھەوڵێک بدەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی تێکۆشەری شارەزوور و گەرمیان. چونکە لای ئێمە ئەم سنوورانە بزوێنەری شۆڕش و قەڵای پشتیوانیی یەکێتین.
سەبارەت بە ئەرکی نوێی رێکخراوەیی و بەرپرسیارێتی مەڵبەند و دامەزراوەکانی یەکێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئۆرگانەکانی یەکێتی گوزارشت لە سیاسەتی یەکێتی لە ناوچەکانی خۆیاندا دەکەن، بۆیە ئەرکی مەکتەب، مەڵبەند و کۆمیتەکانە دەرگایان بەڕووی ھاووڵاتییاندا کراوەبێت و خزمەتکاری خەڵک بن. نابێت ھیچ بەربەستێکیش لەنێوان لێپرسراوانی یەکێتی و کۆمەڵانی خەڵکدا ھەبێت. چونکە یەکێتی لەناخی ئەوانەوە ھەڵقوڵاوە و دەبێت بەدەم داخوازییەکانیانەوە بچین و خزمەتیان بکەین.
لەو رووەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەر دوو لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان و شارەزووری راسپارد یەکێتییانە لەخزمەتی ناوچەکەیاندا بن و ئەگەر لە رابردوودا گلەیی یاخود ھەر ناڕەزاییەک بەرامبەر یەکێتی ھەبووبێت، ئەوا پێویستە گلەیی و ناڕەزاییەکان بکەنە بنەمای بەخۆداچوونەوە و خزمەتکردن. بۆ ئەمەش ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکی بۆ دەربڕین.