شەپۆلێکی باران بارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
کوردسات نیوز
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٢
لەوبارەیەوە دیلان رواندزی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکەمان درێژ دەبێتەوە و ئەوەش وادەکات لە ماوەی کاریگەریی ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو.
وتیشی، لەگەڵ ھاتنی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە پێشبینی دەکرێت رۆژی دووشەممە لە بەشێک لە ناوچە جیاجیاکان نمە باران ببارێت و ڕۆژی سێشەممە کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە زیاتر دەبێت و باران لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت و ھەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت، پلەکانی گەرما دوو تا چوار پلە نزم دەبنەوە .
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن راشیگەیاند، رۆژی چوارشەممە کاریگەری ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە بەردەوام دەبێت و نمە باران دەبارێت و ھەندێ کات ئەگەری شەستە باران و لێزمە بارانی کورت خایەن ھەیە و خێرایی با ھەندێ کات زیاد دەکات و پێشبینی دەکرێت شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە کاریگەری ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە کۆتایی بێت .