بریکاری وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئەو دامەزراندنانەی کراوە روونکردنەوە دەدات
کوردسات نیوز
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢
د. رەھێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ستۆدیۆی ٨ی کوردسات نیوز رایگەیاند، وەکو تیمی یەکێتی لە وەزارەتی تەندروستی تێبینی و گلەیەکانی خۆیان خستووەتەڕوو و باسی ئەو کێشانەیان کردووە رایانگەیاندووە ئەوەی دەکرێت لەرووی دامەزراندووە نادادپەروەرییە و نابێت قبوڵبکرێت.
وتیشی، وەزیری تەندروستی دڵنیاییکردنەوە بەھیچ شێوەیەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە نوسراوی رەسمی نەکراوە و ئاگاداری ئەو دامەزراندنانە نین، بەڵکو لە رێگەی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆوە نوسراو ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و فەرمانیان بۆ دەرکراوە.
راشیگەیاند، داواکاری و پێداویستییەکان لە رووی دامەزراندن و کێشەی دەرمانەوە ئاڕاستەی وەزیری تەندروستکراون و بەڵێنی داو بە زووترین کات لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کاری لەسەر بکات.
بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، وەکو تیمی یەکێتی بەدواداچوونیان دەبێت و داکۆکەری راستەقینە دەبن لەسەر ھەموو کێشەکان و جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنەوەیان و کارمەندانی خۆبەخشیش کاریگەری باشیان ھەبووە و لەکاتێکدا نیوەی ستافی تەندروستی کەمیکردووە، ئەگەر ئەوان نەبوایە نەیادەتوانی ئەو کەلێنە پڕبکەنەوە، دڵنیایان دەکەینەوە داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین.