ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی: لەبەرامبەر دانەمەزراندنی دەرچوانی سلێمانی بێدەنگ نابین
کوردسات نیوز
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٢
مەلا ناسر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەنێو خۆپیشاندانی بەشێک لە کارمەندانی گرێبەست لە ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، ئەو لیستە دامەزراندنەی لە دھۆک و زاخۆ کراوە سزادانی سیاسی زۆنی سەوزە و قبوڵی ناکەین.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، مەلا ناسر وتی، لە دھۆک و زاخۆ بە لیستی ١٠٠ کەسی و ٩٠ کەسی خەڵک دادەمەزرێنن، کەچی لە پارێزگاکانی دیکە خەڵک بێکارن، دەشڵێت "ئەمە کارەساتێکی گەورەیە."
وتیشی "حکومەت چۆن لە دھۆک و زاخۆ خەڵک دادەمەزرێنێت، دەبێت لە گەرمیانیش کە لانکەی شۆرش و خەبات و دروستبوونی ئەم حکومەتەیە، خەڵک دابمەزرێت."
مەلا ناسر ڕاشیگەیاند "ئەوەی کراوە غەدرێکی گەورەیە لە خەڵکی زۆنی سەوز کراوە، غەدرە حکومەت بەناو حکومەتی ھەرێم بێت، بەڵام تەنیا بۆ لایەنێک ئیش بکات، ئەمەی کراوە سزادانی سیاسی زۆنی سەوزە."
دەشڵێت "ئەوە قبوڵ ناکەین و دەنگی خۆبەخشانی تەندروستی دەگەیەنینە سەرکردایەتی یەکێتی و پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەت و ھەرێمی کوردستان."