کارمەندانی تەندروستی خۆبەخش لە سلێمانی بایکۆتی دەوام دەکەن
کوردسات نیوز
٢٤ی نیسانی ٢٠٢٢
نوێنەری کارمەندانی تەندروستی خۆبەخش لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، ژمارەیان زیاتر لە ١٢ ھەزار دەرچووی دانەمەزراوە و چەندین ساڵە بە بیانوی جۆراوجۆر و بڕواپێنەکراو دامەزراندن راگیراوە، لە کاتێکدا دامەزراندن بە بەردەوامی بۆ وەزارەتەکانی تر ھەبووە و تەنانەت لە وەزارەتی تەندروستیشدا جیاوازی کراوە و داواکارن ئەو ستەمەی لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان راپەڕین دەکرێت کۆتایی پێبھێنرێت و دەرگای دامەزراندنیان بۆ بکرێتەوە.
وتیشی، لە ئێستا ٥٠٪ی کاری کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی سلێمانی بە خۆبەخش بەرێوەدەچێت، ئەگەر دانەمەزرێن ئەوا تەندروستی ھاوڵاتیان دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە پێویستە دامەزراندنی بەشە پزیشکییەکان بەردەوام بێت.
راشیگەیاند، لە ھەولێر و دھۆک نوسراوی دامەزراندن بە نھێنی بە ناوی جۆراوجۆر دەکرێت تائێستا ژمارەیەکی زۆر کارمەندی تەندروستی دامەزرێنراون، لە کاتێکدا سنوری پارێزگای سلێمانی پشگوێخراوە، لەبەر ئەو ھۆکارانە نەخۆشخانەکانیان جێھیشتووە و ناڕۆنەوە سەر کار تا ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە.