سۆزان مەنسور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لەسەر داواکاری کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق و پزیشکی دادیی بەغداد لە پەیوەندیدان لەبارەی کێشەی ناردنەوەی ١٧١ ڕووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ڕووفاتەکان ماوەیەکی زۆرە لە پزیشکی دادوەری بەغدادن و بە نیازن دوای جەژنی ڕەمەزان بە بێ پشکنینی DNA بنێردرێنەوە بۆ کوردستان، پزیشکی دادیی و بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش دەڵێن، پزیشکی دادیی ڕووفاتی زۆری لێیە و جێگەیان نییە.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی وتیشی، کەسوکاری ئەنفالکراوان دژی ئەوەن ڕووفاتەکان بە بێ پشکنینی DNA بنێردرێنەوە بۆ ھەرێم، لە بەغداد پشتیوانی لە داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دەکەن بۆ ئەوەی پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە مانگی تەمووزی ٢٠١٩ چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە کە ڕووفاتی ١٧١ ئەنفالکراوی تێدابوو، بە مەبەستی پشکنینی DNA ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغداد کران.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لە تویتێکدا رایگەیاند، تورکیا پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی گەرەنتیکار دژی ناوچەکەیان پێشێل دەکات، دەشڵێت، بەئامانجکردنی کۆبانێ و بۆردومانکردنی مەدەنییە بێتاوانەکان و کوشتنی بەرپرسانی ئیداری لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ھەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتی دەکەن و رێگری و ئاستەنگن بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی داعش.
ئەو تویتەی فەرماندەی گشتیی ھەسەدە دوای ئەوە دێت، لە رۆژی دووشەممەی ھەفتەی رابردووەوە سوپای تورکیا لەشکرکێشیی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و باسیان و مەتینا لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و لە رێگەی فڕۆکەوە ھێزی کۆماندۆی لە چەند ناوچەک دابەزاندووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە دوای نیوەڕۆش کەشەکە دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو.
راشیگەیاندوە، رۆژی یەک شەممە ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت، لە زۆربەی کاتەکاندا ئەگەری نمەباران ھەیە لە کاتەکانی شەودا، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان.
بەھزاد باباخانی جێگری پارێزگاری کرماشان بۆ کاروباری بازرگانی رایگەیاند، ساڵی رابردوو بە بەھای زیاتر لە دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، کاڵا لە سنورەکانی کرماشانەوە ھەناردەی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراوە کە بەراورد بە ساڵی پێشوتر، رێژەکە ١٥٪زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێنج پارێزگای ئێران ھاوسنورن لەگەڵ عێراق و لە ناویشیاندا پارێزگای کرماشان زۆرترین رێژەی ھەناردەی کاڵای ھەبووە بۆ ئەو وڵاتە کە ٥٣٪ بووە، لەبواری ھەناردەی کاڵای نانەوتیش ٤٣% بووە.
سالار مەحمود ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەکارییەکانی دیداری یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، یەکێتی خۆی ناشاریێتەوە و پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەیە، دەبێت کێشەکان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن.
فەھمی بورھان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا دیداری یەکێتی خوێنی گەرمی بە دەمارەکانی یەکێتیدا کردووە، گلەییەکانی ئەندامان بۆ مشتومڕێکی رێکخراوەیی زۆر باش بووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ھەردوو چیای کوڕەژارۆ و مامڕەشیان لە دەورەبەری ناحیەی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی بۆردومان کردوە و بەھۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە ھەردوو چیاکە کەوتۆتەوە.
وتیشی، بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو دانیشتوان و خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە و زیانێکی زۆریش بەر سروشتی ناوچەکە کەوتووە.
شۆڕش کەمال نوێنەری ڤێتێرنەری لە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، دوای بەدواداچونی ورد بە ھاوکاری ئاسایشی ئابووری و پۆلیسی سەرا توانرا لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کارێزەوشک دەستبگیرێت بەسەر بڕی ٥٥٠ کیلۆگرام گۆشت و قیمەی ھندی و جگەری بەستووی ئێرانی کە سەرجەمیان بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و تەندروستی قەدەغەن، لەگەڵ ٢٥٠ کیلۆگرام ساسی ئامادەکراو کە بەھۆی خراپ ھەڵگرتنیانەوە خراپ ببون.
وتیشی، بەفەرمانی دادوەر ماڵەکەیان پشکنیوە و بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی تەواوی ئەو خۆراکانە لەناو دەبرێن.
ھەروەھا رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، خاوەنی ئەو خۆراکە قەدەغەکراوانە رادەستی یاسا کراوە و ئیجرائاتی لەگەڵ دەکرێت، لەھەمان کاتدا دوکانی ئەو ھاوڵاتییە لە دارەسوتاوەکەی ناوبازاڕ داخرا.
حیکمەت ئاتاش نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە ھەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەھۆی ھێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان، جگە لە زیانی گیانی، زیانی ماددی زۆریش بەر ھاووڵاتیان و گوندنیشینانی ئەو ناوچانە کەوتووە.
راشیگەیاند، ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی ھەرێم ناڕەوایە و پێچەوانەی پرنسیپە نێودەوڵەتییەکانە، لە رابردوو و داھاتووشدا زیانی ئابوری و سیاسی بە تورکیا دەگەیەنێت.
بە پێی میدیاکانی رۆژئاڤای کوردستان، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا گوندی عەین دەقنە و بیلونیە و مەرعەناز و دەوروبەری شارۆچکەی دێر جەمال و تەل رەفعت سەر بە ناوچەی شەھبایان توپباران کردوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە بەرەی گوندی مەرعەناز و کەفر خاشر لە ناوچەی شەھبا شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی رزگاری عەفرین و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا رویداوە، لە شارۆچکەی مارع سەر بە ناوچەی عەزازیش زرێپۆشێکی سوپای تورکیا کراوەتە ئامانج و دە سەربازی تورکیا لەو ھێرشەدا کوژراون و شەش سەربازیش برینداربوون.
رابیحە حەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدادی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە درێژەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دیداری یەکێتی ئەمڕۆ لە بەغداد ئامادەکارییەکان بۆ ئەو مەبەستە دەستیپێکرد و چەند لیژنەیەکی تایبەت پێکھێنران و بەغدادیش تایبەتمەندی خۆی ھەیە، لەڕووی رێکخستن و پەیوەندی و پێکھاتەکانەوە و جیاوازە بەراورد بە شارەکانی ھەرێمی کوردستان و گرنگی تایبەتی ھەیە.
وتیشی، کوردانی فەیلی لە بەغداد لە رابردوو زوڵمی زۆریان لێکراوە و تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە و لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتیش مامەڵەی باشیان لەگەڵ ناکرێت، بۆیە پێویستە یەکێتی خۆی بە خاوەنی کوردانی فەیلی بزانێت بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت پێکھێنراوە.
لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدادی یەکێتی تەئکیدیکردەوە، پێویستە یەکێتی بەرنامەی نوێ و تایبەتی ھەبێت بۆ بەغداد گرنگی زیاتر بەوەدا بدات چۆن مامەڵە لەگەڵ بەغداد بکات و لە رێگەیەوە مافەکانی کورد دەستەبەر بکات.
بڕیارە مانگی داھاتوو دیداری یەکێتی بەرێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەوستەش ئەمڕۆ لە شاری بەغداد ئامادەکارییەکان بۆ دیدارەکە دەستیپێکرد، پێشتریش ئامادەکارییەکان بۆ دیدارەکە لە ھەولێر، دھۆک، کەرکوک، ھەڵەبجە وھەوارامان، گەرمیان، رانیە بەرێوەچوون.
ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٤/ ٤/ ٢٠٢٢ ساڵیادی کارەسات و ڕاپەڕینی پشدەرە و قایمقامیەتی پشدەر پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، سەرەڕای بەسەرچوونی ئەو شێوازە کۆن و تەقلیدیەی کە ساڵانە یاد و بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی پێدەکرێتەوە کە دواجار خزمەت بەو یاد و بۆنانە ناکات و لە گەڵ میزاجی گشتی خەڵک و کۆمەلگەدا ناگونجێ لە کاتێکدا دەکراو دەکرێ بە شێوازی زانستی و بە جۆرێکی ئەوتۆ یادو بۆنەکان بکرێنەوە.
ھەوەھا ڕاشیگەیاند، پێویستە یادەکان بە جۆرێک بکرێنەوە کە خزمەتی ناوچەکە بکات و چیرۆکی کارەسات و ڕاپەڕینی ٢٤/٤ بە کوردستان و جیھانیش بناسێنرێت.
قایمقامێتی پشدەر نیگەرانی خۆی لە نەبونی خزمەت گوزاری و کۆچکردنی گەنجان لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند و داوای باشتر کردنی دۆخی ناوچەکەیان لە حوکمەتی ھەرێم کرد.
"حسێن حەمە کەریم" وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کەناڵێکی تر لێدوانێک بەناویانەوە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە وتوویەتی بارانبارین ھیچ سوودێکی نابێت بۆ دەغڵودانی ئەو ناوچانەی گەرمیان کە وشکەساڵییان تێدا راگەیەندراوە و ھەروەھا بۆ بەشێکی دەشتی ھەولێر کە مەترسی وشکەساڵی لەسەرە.
وتیشی، ئەو لێدوانەی بەشێکی لابراوە و تەواوی لێدوانەکەی ئەوە بووە کە لە ناوچەی گەرمیان و باشور و دەشتی ھەولێر بۆ بەرھەمی دەغڵودان ئەو ناوچانەی پشتیان بەستوە بە باران و زەوی دێمن تازە باران بارین سودی نیە، بەڵام بۆ ناوچەکانی تر جارێ کات ماوە و سود لە باران بارین وەردەگرن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، بەھۆی کەمکردنەوەی نرخی کارەبا لەسەر نانەواخانە و سەمونخانەکان بە رێژەی ٥٠٪ و ھەڵگرتنی رەسمی گومرگیی لەسەر ھاوردەکردنی ئارد، رێگری کراوەلە بەرزبوونەوەی نرخی نان. بەو جۆرەش نرخی نان لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیان جێگیر بووە و بارگرانیش لەسەر نانەواخانە و سەمونخانەکان کەمبووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی نانەواخانە و سەمونخانەکان بۆئەوەی بارگرانی لەسەر ھاوڵاتیان دروست نەبێت.