ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و بازرگانانی ئەو ماددانە، لە دوو چالاکی جیادا دەستبەسەر بڕی ( ١٦ )کگم ماددەی ھۆشبەری جۆری { تلیاک }دا گیرا.
لە راگەیەندراوێکیدا ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی ھەرێم لە چوارچێوەی ھەڵمەتی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان و ڕێگری کردن لە بڵاوبونەوەی ھەر جۆرە ماددەیەکی ھۆشبەر کە زیان بە ئابوری ھەرێم دەگەیەنێت و کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات ،
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، لە چالاکی یەکەمدا دوای لێکۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون ھێزەکانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر لە ٢٠٢٢/٧/٢٩ لە بۆسەیەکدا دەست بەسەر بڕی { ١٦ } کگم ماددەی ( تلیاک )دا گیرا کە لەناو ( غەتاس ) ی ئاودا شاردرابویەوە و تۆمەتبارێکیش بەناوی ( ڕ ، ک ، ح ) دەستگیرکرا ، تۆمەتبار لە دایکبوی ١٩٩٣ ی ھەولێرە، ئۆتۆمۆبێلێکی جۆری ( شیری ) پێبووە ، لە بازگەیەکی دەروازەی شاری سلێمانی دەستگیرکراوە و بەپێ ی زانیاریەکان ئەو ماددانە لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان ھێنرابوون .
لە چالاکی دووەمدا ھێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوەی وورد لە دەروازەی نێودەوڵەتی ( باشماخ ) لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٧/٣١ تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە ، کە دانیشتوی شاری (بۆکان) ە ، بەڕەگەز کوردە و لەدایکبوی ١٩٧٠ بە ناوی ( م ، م ، ڕ ) خێزاندارە ، تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لەشاری سلێمانیەوە تلیاکەکە بگوازنەوە بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان .
بە فەرمانی دادوەر بەپێ ی ماددەی ٢٥ لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و دەستبەسەر تلیاکەکەدا گیراوە.
ئارزۆ ئەشرەفی زادە بەرپرسی بەشی زەوی و زار لە وەزارەتی ژینگەی ئێران رایگەیاندووە، ئەگەر پشکی ئاو نەگەیەنرێت و پلانەکان لە شوێنی خۆیدا بە تەواوەتی جێبەجێنەکرێن، ھیچ ھیوایەک بۆ بوژانەوەی دەریاچەی ورمێ نامێنێت.
وتیشی، بەپێی یاسا پێویستە وەزارەتی وزە پێداویستی ئاوی پێویست بۆ دەریاچەی ورمێ دابینبکات، ئاماژەی بەوەشدا کە دەریاچەکە بە ھۆکاری کەمی رێژەی بارانبارین لە وڵاتدا وایکردووە ئاوی پێویست وەرنەگرێت.
ئەشرەفی زادە داواشیکردووە، ھەر جۆرە دروستکردنێکی بەنداوی نوێ ڕابگرێت، ھەروەھا ڕێوشوێنی ڕاگرتنی چالاکی کشتوکاڵی بگرێتەبەر لە ئەگەری ویستی گەڕاندنەوەی دەریاچەکە بۆ دۆخی پێشووی.
لە کۆبونەوەیەکی نێوان قوباد تاڵەبانی و باربارا لیڤدا ، باس لە ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد کرا لەسەر پرسی نەوت و گاز و بودجە و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوەدانییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵکو کێشەی ئێمە گەرەنتیکردنی بودجە و شایستە داراییەکان و مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستانە، داواشیکرد ئەمریکا لەمبارەیەوە زیاتر ھاوکاربێت لە چارەسەرکردنی دەستورییانەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی سیاسی عێراق و دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی بەغداد کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی ھەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی ھەرێم کرا و قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە حکومەتی ھەرێم پێداگرە لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاکسازی لەھەموو سێکتەرەکاندا ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێ بکات و داواشیکرد لەو روەوە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ھەرێم بەردەوام بێت.
فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لەگەڵ مەلا کەریم شکورئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی مامۆستایانی کورد کردووە لە قەزای دووزخورماتوو و دەرکەوتووە لە قەزاکە کێشەی کەمی مامۆستای کورد ھەیە لە سەر میلاکی بەغداد و ھەروەھا مامۆستا کوردەکان پۆستی بەڕێوەبەری خوێندنگە کوردییەکان وەرناگرن، ھەربۆیە ئەو ھەواڵە ڕاست نییە کە بەڕێوەبەرە کوردەکان دوورخرابێتنەوە.
سەبارەت بە داخستنی ٣٣ خوێندنگەی کوردی لە خانەقین، فەھمی بورھان ئاشکرایکرد، ئەو خوێندنگە کوردییانەی کە داخراون سەر بە میلاکی بەغدادن و خوێندکاری کوردی لێ نییە تاکو تیایدا بخوێنن، لەبەرئەوە بەناچاری داخراون و بابەتەکە تەعریب نییە.
وتیشی، جگە لەنەبوونی خوێندکار ئێستا خوێندکارە کوردەکان دەچنە خوێندنگە عەرەبییەکان لەبەرئەوە بەھۆی کەمبوونەوەی خوێندکار ئەو خوێندنگانە داخراوان.
فەھمی بورھان باسی لەوەشکرد، لە خانەقین نزیکەی ٣٥ خوێندنگەی کوردی ھەیە و سەربە میلاکی حکومەتی ھەرێمن و دانەخراون، تەنانەت ئەو خوێندنگە کوردییانەی کە سەر بە میلاکی بەغدادن ھەرکاتێک خوێندکاری کورد ھەبوو دەکرێنەوە.
سەبارەت بەو بڕیارەی چەند رۆژی رابردووی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تەندروستی کارکردن لە کەرکوک تەنیا بە زمانی عەربی بێت، فەھمی بورھان ئاماژەی بەوەکرد، بەسوپاسەوە سەرۆکایەتی کۆماری عێًراق ھاتوونەتەسەرخەت و بە نوسراوی رەسمی داوایانکردووە کە پابەندبن بەدەستووری ھەمیشەیی عێراق، چونکە بەپێی ماددەی چواری دەستور، دەبێت بەڵگەنامە ڕەسمییەکان بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بنوسرێن.
لە کۆتاییدا فەھمی بورھان ھەموو لایەکی دڵنیاکردەوە کە بەوردی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی تەعریب دەکەن و ھەموو ھەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە تەعریب دەگرنەبەر.
داواشی لە میدیایی کوردی کرد بەرپرسانە مامەڵە لەگەل دۆسیەی تەعریب بکەن و دژی دۆزی ڕەوای گەلی کورد ھەواڵی ناڕاست بڵاونەکەنەوە.
بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی چەقچەق - قلیاسان سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و تاپۆ و ھونەری و ئەندازیاری، لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان بۆ چۆنیەتی ھەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی شاری گەشتیاری چەقچەق - قلیاسان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، نەخشەی ناوچەی پڕۆژەکە بەسەر پێنج زۆندا دابەشکراوە، بەگوێرەی ھەڵکەوتەی سروشتی ناوچەکە، چالاکییە گەشتیارییەکانی تێدا دابەشدەکرێت.
لیژنەیەکیش بۆ سەرپەرشتی و جێبەجێکردنی ڕێکارە کارگێڕی و ئەندازیاری و ھونەرییەکان بەسەرۆکایەتی لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دیاریکرا.
ھاوڕێ مەلا ستار لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ھیچ پڕۆژەیەک لە ھەرێمی کوردستان نییە، کە بەرپرسێک یان سکرتێرەکەی تێیدا ھاوبەش نەبێت و ئێستا وەبەرھێنەران لە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم گەورەترن.
وتیشی، یاسای وەبەرھێنان کۆمەڵێک دزی لە ھەرێمی کوردستان دروستکردووە، بۆیە چەندینجار داوای ھەمووارکردنەوەی یاسای وەبەرھێنانیان کردووە، بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیران بەجۆرێک لە جۆرەکان کەس ھەیە کە ھاوبەشە لەگەڵیان و ئەوەی لە سێکتەری وەبەرھێنان ھەیە تەنھا دزی و قۆڵبڕییە.
حسێن حەمەکەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی راپۆرتێکی دەستەی دەستپاکی عێراقی دایەوە و رەتیکردەوە، بەرھەمی ھاوردەکراو تێکەڵ بە بەرھەمی ناوخۆیی کرابێت و رەوانەی شارەکانی باشور کرابێت و کارگەکانی ئالیک لە ھەرێمی کوردستان بەبێ فیتلەر ئالیک رەوانە بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند، لەماوەی رابردوودا چەندینجار سەردانی بەغدادیان کردووە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگی لەبواری کشتوکاڵ، ساڵی رابردووش یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ١٣ خاڵیان ئیمزاکرد و پێشنیاریشیانکردووە ستیکەر لە بەرھەمی ناوخۆیی بدرێت و رۆژنامەی کشتوکاڵی یەکبخرێت.
جەختیشیکردەوە، ھەرێمی کوردستان لەبەرھەمی کشتوکاڵ و پەلەوەر بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بنیوە و لەچەندین بەرھەمدا گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستان و پێویستی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کۆتاکان بەو جۆرەی لە قازانجی ویستی راستەقینەی کەمینە نەتەوەییەکان و گەشەکردنی دیموکراسی بێت، کرا.
وەفدی میوان ئاماژەیان بە پرۆژەیەکی تایبەتی ھەر پێنج حزب کرد بۆ ھەمواری یاساکە و جیاکردنەوەی لیستی دەنگدەرانی کلدۆ ئاشووری بە جۆرێک کۆتای کەمینەکان گوزارشتیان لێ بکات.
رەفعەت عەبدوڵڵا رایگەیان داواکانی ئێوە ھەمان داوای یەکێتییە کە وەک پرۆژەش پێشکەش کراوە و داکۆکی لێ دەکەین، چونکە ھەمان سیاسەتی رەوانشاد سەرۆک مام جەلالە کە ھەمیشە پەرۆشی رۆڵ و پێگەی کلدۆئاشووری و ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان و عیراق بوو ھەم لە دەستوری عێراق و ھەمیش لە ناو پرۆسەی سیاسی وڵاتدا.
لە دیدارێکدا کە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، سەعدی ئەحمەد پیرە، د. جوان ئیحسان و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، وەفدی میوان پیرۆزباییان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بەبۆنەی ھەڵبژاردنی وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ھیوای سەرکەوتنیان لەو ئەرکە مێژووییەدا بۆ خواست.
لە درێژەی دیدارەکەدا دۆخی سیاسیی ھەرێم و عیراق تاوتوێکرا و سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرد و وتی، یەکڕیزی و دیدی ھاوبەشی ھێزە کوردستانییەکان لە بەغدا پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە و زامنی پاراستنی مافە یاسایی و دەستوورییەکانی گەلی کوردە. کورد دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر و بەھێزتر ببینێت لە بەغدا و ئێمەش وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ھەوڵەکانمان بۆ ئەو ئامانجە باڵایە بەردەوامین.
ھەر لە دیدارەکە جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا کرایەوە بەتایبەت لەڕووی بازرگانی، ھەروەھا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھانی سەرمایەدارانی ئەڵمانیا دەدەین تاوەکو بێنە کوردستان و سەرمایەکانیان بخەنەگەڕ. بەمەش ژێرخانی ئابووریی ھەرێم پتەوتر دەبێت و ئێمەش پشتیوان و ھاوکار دەبین.
لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، باس لە دواین پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون بۆ دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانە سیاسییە مەترسیدارەی تێیکەوتووە پێویستە لایەنە عێراقییەکان نەرمی بنوێن و لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
ھەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند بە داخەوە زۆرجار لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش کێشە سیاسییەکان دەکرێنە پرسێکی شەخسی و بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو ناگیرێن، بەمەش ناکۆکییەکان قوڵتر دەبێتەوە و چارەسەریش قورستر دەبێت. جەختیشی کردەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر وڵات بەرەو ناسەقامگیری نەڕوات پێویستە لایەنە عێراقییەکان ئاستی داواکاراییەکانیان کەمتر بکەنەوە.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە کوردستانییەکانیش، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد لەم دۆخەدا کە عێراق بە دەست قەیرانێکی قوڵی سیاسییەوە دەناڵێنێت، زیاتر لە ھەرکاتێکیتر پێویستە ھەموو لایەنە کوردییەکان لێکنزیک ببنەوە و ھەوڵ بدەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان سیاسەت و گوتارێکی یەکگرتوویان ھەبێت بۆ ئەم دۆخە نوێیە سیاسییەی لە عێراقدا ھاتووەتە ئاراوە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم و بە تایبەتیش چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی راوێژکارەکانی ئەڵمانیای کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە نزیکەوە ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئۆفیسی جێگری سەرۆک وەزیرانیان کردوە و ھیوای خواست ئەم ھاوکارییانە بەردەوام بن.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد بۆ لەمەودوا ھاوکارییەکان و پڕۆژەکانی حکومەتی ئەڵمانیا تەنھا لە شارە گەورەکان نەبێت، بەڵکو شارۆچکە و قەزا و ناحییەکانیش بگرێتەوە و زیاتر ھاوکاری کۆمەڵگای مەدەنی لە قەزا و ناحییەکان بکرێت.
قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی زاخۆ رایگەیاند، لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەت بەردەوامن لە بەدواداچون و پشکنینی خواردنەگە و چێشتخانەکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تەندروستی، لەو چوارچێوەیەشدا بەھۆی ژەھراویبوونی ٧٠ کەس لە خواردنەگەیەک، ئەو خواردنەگەیە داخراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی تەندروستی، سزای ماددی بەسەر خواردنەگەکەدا سەپێندراوە.
"سالار مەحمود"سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید رایگەیاندوە، لە کۆی ١٨٢ ھەزار ئەنفالکراو تائێستا، روفاتی ھەزار و ٦٦٩ ئەنفالکراو ھێنراونەتەوە ھەرێمی کوردستان ، ئەوەش ١%ی قوربانییەکان ناکات.
راشیگەیاندوە، نەھێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان، بێباکییە بەرامبەر بە دۆزێکی ھەرە گەورەی نیشتمانی و بێباکییە بەرامبەر قوربانیان و کەسوکاری قوربانیان.
بەپێی ئامارەکانیش تائێستا، ٣٥٨ قوربانی ھێنراونەتەوە بۆ گۆڕستانی دوکان، ٨٣٨ بۆ مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و ٨١ بۆ گۆڕستانی تۆپزاوا و ٣٩٢ قوربانیش بۆ دێبنە لە ناحیەی رزگاری.
"سالار مەحمود" دەشڵێت، سەردانی گۆڕی شەھیدەکانی تۆپزاوایان کردوە کە ٢١ کیلۆمەتر دەکەوێتە خوارووی کەرکوکەوە، چەند کێلێکی قوربانیەکان شکاون، ئەوەش بێجگە لە بێنازی دۆسێی جینۆساید و ئەنفال، بێنازی گۆڕستانەکەی تۆپزاواشە.
کەمپی ھەرشەم دەکەوێتە سەر ڕێگای بەحرکە لە ھەولێر، کە ئاوارەکانی موسڵ و شنگال تێیدا نیشتەجێن ژمارەیان نزیکەی ١٢٠٠ ئاوارە دەبێت.
لە کەمپەکەدا نزیکەی ٣٠٠ کەرەڤانەی تێدایە و بەھۆی ئاگرەکەوە شەش کەرەڤانە بە تەواوی سوتاون، بەڵام ھیج زیانێکی گیانی نەبووە تەنھا زیانی مادی ھەبووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لەدوای کشانەوەی فیرقەی دووی دژەتیرۆر لەکەرکوک، لیوای ٦١ی فیرقەی تایبەت لەشوێنیان جێگیربون.
سەرەتای ئەمساڵ لیواکە گەڕایەوە بەغدا، تەنھا فەوجی سێ مایەوە کە ئەرکی ئەمنیەتی سەنتەری کەرکوک بوو.
فەوجی سێی لیوای ٦١ لە بارەگای پێشکەوتووی ھێزە ھاوبەشەکانی کەرکوک، لقی سێی پارتی، بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارتی لە گەڕەکی کوردستان و گەڕەکی خەزرا جێگیربون.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەچەند قۆناغێک بەشێک لەئەرکەکانیان لەسەنتەری شار رادەستی ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرای نوسینگەی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک کردبوو.
لەبازگەی چیمەنیش بەھاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی کاروباری بازگەکانی کەرکوک ئەرکیان ھەبوو.
لەکاتی پێویستیشدا دەستوەردانیان دەکردو لەھەڵمەتی پشکنینیشدا بەھاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی خۆجەیی دەگەڕان.
سەرچاوەیەکی ئاسایش تایبەت بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کە ئێوارەی دوێنێ لەدەوروبەری گوندی نارێن لە ناحیەی قەرەتەپە شوانکارێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنراوەو تائێستا ھیچ زانیارییەکی لەبارەوە نییە.
سێ ساڵ لەمەوبەریش لەھەمان ناوچە دوو شوانکاری تر لەلایەن داعشەوە ڕفێنراو کەسێکیان ئازادکراو ئەوی تریش شەھید کرا.
"غەریب ئەحمەد" پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی و "رێبوار کەریم" پەرلەمانتاری خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و "سالار عەبدولستار" وەزیری داد، لەگەڵ "عەلا جبوری" وەزیری بازرگانی عێراق سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێم کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکە جەختکرایەوە لەسەر خێراکردنی فەرمانی وزاریی بۆ پێدانی پارەی جووتیاران بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦.
وەزیری بازرگانی عێراقیش دڵنیایدا لەوەی لەم مانگەدا بە دوو قۆناغ پارەی ئەو ساڵانە بۆ جووتیاران خەرجدەکەن.