حسێن حەمەکەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی راپۆرتێکی دەستەی دەستپاکی عێراقی دایەوە و رەتیکردەوە، بەرھەمی ھاوردەکراو تێکەڵ بە بەرھەمی ناوخۆیی کرابێت و رەوانەی شارەکانی باشور کرابێت و کارگەکانی ئالیک لە ھەرێمی کوردستان بەبێ فیتلەر ئالیک رەوانە بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ راشیگەیاند، لەماوەی رابردوودا چەندینجار سەردانی بەغدادیان کردووە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگی لەبواری کشتوکاڵ، ساڵی رابردووش یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ١٣ خاڵیان ئیمزاکرد و پێشنیاریشیانکردووە ستیکەر لە بەرھەمی ناوخۆیی بدرێت و رۆژنامەی کشتوکاڵی یەکبخرێت.

جەختیشیکردەوە، ھەرێمی کوردستان لەبەرھەمی کشتوکاڵ و پەلەوەر بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بنیوە و لەچەندین بەرھەمدا گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی.