قوباد تاڵەبانی: بە داخەوە زۆرجار کێشە سیاسییەکان بە شەخسی دەکرێن و بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو ناگیرێن
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، باس لە دواین پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون بۆ دەربازبوونی عێراق لەو قەیرانە سیاسییە مەترسیدارەی تێیکەوتووە پێویستە لایەنە عێراقییەکان نەرمی بنوێن و لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
ھەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند بە داخەوە زۆرجار لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش کێشە سیاسییەکان دەکرێنە پرسێکی شەخسی و بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو ناگیرێن، بەمەش ناکۆکییەکان قوڵتر دەبێتەوە و چارەسەریش قورستر دەبێت. جەختیشی کردەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر وڵات بەرەو ناسەقامگیری نەڕوات پێویستە لایەنە عێراقییەکان ئاستی داواکاراییەکانیان کەمتر بکەنەوە.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان لایەنە کوردستانییەکانیش، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد لەم دۆخەدا کە عێراق بە دەست قەیرانێکی قوڵی سیاسییەوە دەناڵێنێت، زیاتر لە ھەرکاتێکیتر پێویستە ھەموو لایەنە کوردییەکان لێکنزیک ببنەوە و ھەوڵ بدەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان سیاسەت و گوتارێکی یەکگرتوویان ھەبێت بۆ ئەم دۆخە نوێیە سیاسییەی لە عێراقدا ھاتووەتە ئاراوە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم و بە تایبەتیش چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی راوێژکارەکانی ئەڵمانیای کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە نزیکەوە ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئۆفیسی جێگری سەرۆک وەزیرانیان کردوە و ھیوای خواست ئەم ھاوکارییانە بەردەوام بن.
قوباد تاڵەبانی داواشیکرد بۆ لەمەودوا ھاوکارییەکان و پڕۆژەکانی حکومەتی ئەڵمانیا تەنھا لە شارە گەورەکان نەبێت، بەڵکو شارۆچکە و قەزا و ناحییەکانیش بگرێتەوە و زیاتر ھاوکاری کۆمەڵگای مەدەنی لە قەزا و ناحییەکان بکرێت.