فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لەگەڵ مەلا کەریم شکورئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەی مامۆستایانی کورد کردووە لە قەزای دووزخورماتوو و دەرکەوتووە لە قەزاکە کێشەی کەمی مامۆستای کورد ھەیە لە سەر میلاکی بەغداد و ھەروەھا مامۆستا کوردەکان پۆستی بەڕێوەبەری خوێندنگە کوردییەکان وەرناگرن، ھەربۆیە ئەو ھەواڵە ڕاست نییە کە بەڕێوەبەرە کوردەکان دوورخرابێتنەوە.

سەبارەت بە داخستنی ٣٣ خوێندنگەی کوردی لە خانەقین، فەھمی بورھان ئاشکرایکرد، ئەو خوێندنگە کوردییانەی کە داخراون سەر بە میلاکی بەغدادن و خوێندکاری کوردی لێ نییە تاکو تیایدا بخوێنن، لەبەرئەوە بەناچاری داخراون و بابەتەکە تەعریب نییە. 

وتیشی، جگە لەنەبوونی خوێندکار ئێستا خوێندکارە کوردەکان دەچنە خوێندنگە عەرەبییەکان لەبەرئەوە بەھۆی کەمبوونەوەی خوێندکار ئەو خوێندنگانە داخراوان. 
فەھمی بورھان باسی لەوەشکرد، لە خانەقین نزیکەی ٣٥ خوێندنگەی کوردی ھەیە و سەربە میلاکی حکومەتی ھەرێمن و دانەخراون، تەنانەت ئەو خوێندنگە کوردییانەی کە سەر بە میلاکی بەغدادن ھەرکاتێک خوێندکاری کورد ھەبوو دەکرێنەوە.

سەبارەت بەو بڕیارەی چەند رۆژی رابردووی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تەندروستی کارکردن لە کەرکوک تەنیا بە زمانی عەربی بێت، فەھمی بورھان ئاماژەی بەوەکرد، بەسوپاسەوە سەرۆکایەتی کۆماری عێًراق ھاتوونەتەسەرخەت و بە نوسراوی رەسمی داوایانکردووە کە پابەندبن بەدەستووری ھەمیشەیی عێراق، چونکە بەپێی ماددەی چواری دەستور، دەبێت بەڵگەنامە ڕەسمییەکان بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بنوسرێن.

لە کۆتاییدا فەھمی بورھان ھەموو لایەکی دڵنیاکردەوە کە بەوردی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی تەعریب دەکەن و ھەموو ھەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە تەعریب دەگرنەبەر. 
داواشی لە میدیایی کوردی کرد بەرپرسانە مامەڵە لەگەل دۆسیەی تەعریب بکەن و دژی دۆزی ڕەوای گەلی کورد ھەواڵی ناڕاست بڵاونەکەنەوە.