لە کۆبونەوەیەکی نێوان قوباد تاڵەبانی و باربارا لیڤدا ، باس لە ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد کرا لەسەر پرسی نەوت و گاز و بودجە و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوەدانییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵکو کێشەی ئێمە گەرەنتیکردنی بودجە و شایستە داراییەکان و مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستانە، داواشیکرد ئەمریکا لەمبارەیەوە زیاتر ھاوکاربێت لە چارەسەرکردنی دەستورییانەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی سیاسی عێراق و دوایین پێشھاتە سیاسییەکانی بەغداد کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باسی ھەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی ھەرێم کرا و قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە حکومەتی ھەرێم پێداگرە لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاکسازی لەھەموو سێکتەرەکاندا ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێ بکات و داواشیکرد لەو روەوە ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ھەرێم بەردەوام بێت.