"سالار مەحمود"سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید رایگەیاندوە، لە کۆی ١٨٢ ھەزار ئەنفالکراو تائێستا، روفاتی ھەزار و ٦٦٩ ئەنفالکراو ھێنراونەتەوە ھەرێمی کوردستان ، ئەوەش ١%ی قوربانییەکان ناکات.

 راشیگەیاندوە، نەھێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان، بێباکییە بەرامبەر بە دۆزێکی ھەرە گەورەی نیشتمانی و بێباکییە بەرامبەر قوربانیان و کەسوکاری قوربانیان.

بەپێی ئامارەکانیش تائێستا، ٣٥٨ قوربانی ھێنراونەتەوە بۆ گۆڕستانی دوکان، ٨٣٨ بۆ مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ و ٨١ بۆ گۆڕستانی تۆپزاوا و ٣٩٢ قوربانیش بۆ دێبنە لە ناحیەی رزگاری.

"سالار مەحمود" دەشڵێت، سەردانی گۆڕی شەھیدەکانی تۆپزاوایان کردوە کە ٢١  کیلۆمەتر دەکەوێتە خوارووی کەرکوکەوە، چەند کێلێکی قوربانیەکان شکاون، ئەوەش بێجگە لە بێنازی دۆسێی جینۆساید و ئەنفال، بێنازی گۆڕستانەکەی تۆپزاواشە.