بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی چەقچەق - قلیاسان سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێم و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و تاپۆ و ھونەری و ئەندازیاری، لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان بۆ چۆنیەتی ھەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی شاری گەشتیاری چەقچەق - قلیاسان ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەبەوەکراوە، نەخشەی ناوچەی پڕۆژەکە بەسەر پێنج زۆندا دابەشکراوە، بەگوێرەی ھەڵکەوتەی سروشتی ناوچەکە، چالاکییە گەشتیارییەکانی تێدا دابەشدەکرێت.

لیژنەیەکیش بۆ سەرپەرشتی و جێبەجێکردنی ڕێکارە کارگێڕی و ئەندازیاری و ھونەرییەکان بەسەرۆکایەتی لەیلا عومەر سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دیاریکرا.