د.نەرمین مەعروف غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، دوای ھەوڵێکی زۆر لەگەڵ ھاوکارەکانم لە لیژنەی دارایی، لە یاسای ئاسایشی خۆراک (١٥٠) ملیار دینارم چەسپاند لەناو یاساکە، بۆ دابینکردنی دەرمانی نەخۆشی شێرپەنجە بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، کە لە بڕگەی (١٧) خشتەی (ب) ناوی ھاتووە.

وتیشی، لەچەند رۆژی رابردوو بە نووسراوێک داوام لە وەزیری تەندروستی کرد، کە میکانیزمی خەرجکردنی ئەو پارەیەم بۆ رونبکاتەوە، ئامانجیشم ئەوەبوو پشکی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان لەو بڕە پارەیە بزانم و بە چ شێوەیەک دەتوانرێت دابین بکرێت بۆیان".

د.نەرمین مەعروف، ئاماژەی بەوەشدا "وەزیری تەندروستی عێراق وەڵامی دامەوە و پێی وتم، کە نەخۆشخانەکاتی تایبەت بە شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان دەتوانن داوای پێداویستییەکانی خۆیان بکەن و ئێمەش لەچوارچێوەی ئەو پارەیەی لە یاساکەدا دیاریکراوە بۆیان دابین دەکەین، منیش بەنووسراوێک داوام لە نەخۆشخانەی ھیوا کرد پێداویستییەکانی خۆیان بنووسن".

باسی لەوەشکرد "نەخۆشخانەی ھیوا وەڵامی نووسراوەکەی منیان دایەوە و داوای کردنەوەی (سەنتەرێکی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک) یان کردووە، لە نووسراوەکەشیاندا ئەوەیان رونکردۆتەوە، کە ٢٠%ی توشبووانی شێرپەنجە ئەو ژنانەن کە تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئەوان بۆیە داوای ئەو سەنتەرەیان کردووە، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی بتوانن پشکنینی پێشوەختەی تێدا ئەنجام بدەن و ئەگەر دەرکەوێت کەسێک توشبووە و لە سەرەتاکانی توشبوونییەتی فریای بکەون و چارەسەری بۆ بکەن، وەک لەوەی کاتێک پێی بزانن کە ئەگەری چارەسەری کەمتر دەبێت".

د.نەرمین مەعروف، ھێمای بۆ ئەوەشکردووە "دواتریش من داواکارییەکەی نەخۆشخانەی ھیوا – م، بە نووسراو ئاڕاستەی وەزیری تەندروستی کرد، ئەویش رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر نووسراوەکە، کە ئەو سەنتەرە بۆ نەخۆشخانەی ھیوا دروست بکرێت لە پشکی ھەرێمی کوردستان لەو (١٥٠) ملیار دینارەی لە یاسای ئاسایشی خۆراک بۆ نەخۆشی شێرپەنجە تەرخانکراوە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختیشی کردەوە "من بەردەوام دەبم لە چاودێریکردنی بڕیارەکە تا کردنەوەی سەنتەرەکە بۆ پارێزگای سلێمانی".