لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتنی گشتی و رێپێوان بەڕێوەدەچێت
رێبوار
٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان کە ٢٣ رۆژە درێژەی ھەیە، ئەمڕۆ لەسەر داوای چالاکوانان و رێکخراوەکان، مانگرتنی گشتی و رێپێوان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت.
دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و چالاکوانان لە رۆژھەڵات بەردەوامی ھەیە و رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، حسێن سەفامەنش ھونەرمەندی ناسراوی کرمانشان داوای راگرتنی ھاوکاری و کارەکانی لەگەڵ وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئێران وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی تارانەوە بانگھێشتکراوە و دەستبەسەرکراوە.
لە درێژەی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانیش، کەنەدا سەپاندنی سزای نوێی بەسەر ئێراندا راگەیاندو سەردانی ١٠ ھەزار بەرپرسی بۆ خاکی وڵاتەکەی قەدەغەکرد.
ھەروەھا فەرەنسا و ھۆڵەندا داوایان لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکانیان و ئەو کەسانەی ھەڵگری دوو رەگەزنامەن کرد، بەزووترین کات ئێران جێبھێڵن بەو پێیەی مەترسی گرتن و دادگایکردنیان لەسەرە.
لەلایەکی تریشەوە، ٢٠ رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، لەنامەیەکدا داوایان لە جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا کرد پشتیوانی خۆپیشاندەرانی ئێران بکات ، ھەروەک داوایان لە ئەمریکا کرد بانگھێشتی کۆمیسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ بکات و لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکانی ئێران بکات.