بەیانی ئەمڕۆ میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەوام لە سەرجەم خوێندنگەکانی پارێزگای سنە بۆ ئەمڕۆ راگیراوە، ئەوەش بەھۆی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپێشاندان لە لایەن مامۆستایان و خوێندکارانە لە بەرامبەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندەران و ئەو رەوشەی لە ئێران دروستبووە. ھاوکات تا ئێستا خۆپیشاندان لە شەقام و زانکۆکانی رۆژھەڵات و ئێران بەردەوامە و ھەمووان ناڕەزایی دەردەبڕن. رۆژی شەممەش لە سەر داوای چالاکان و رێکخراوەکانی مەدەنی، مانگرتنی گشتی لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو و لە ھەندێک شوێن گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان دروستبوو و  بەوھۆیەشەوە نزیکەی ٥ کەس لە سنە و شارەکانی تری رۆژھەڵات گیانیان لەدەستدا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، تائێستا زیاتر لە دوو ھەزار کەس لە شارەکانی رۆژھەڵات دەستبەسەرکراون، لە ناویاندا زیاتر لە ١٠٠ ژنە چالاکوان ھەیە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا زیاتر لە ١٨٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە نزیکەی ٣٠ کەسیان کوردن.