ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە شاری بۆشەھر کرێکارانی پڕۆژەیەک چوونەپاڵ خۆپیشاندەران و رێگایەکی سەرەکییان داخست، ھەروەھا لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکی سەلاسی باوەجانی سەربە پارێزگای کرماشان، بە ھۆی تەقەی ھێزە ئەمنییەکان گەنجێک بە ناوی (ئارین موریدی) تەمەن ٢٢ ساڵ گیانی لەدەستدا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، یەکێک لە خۆپیشاندرانی خەڵکی سەقز بە ناوی (ئیسماعیل دزوار) کە سێ ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ھێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا.

ڕێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاند، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئەمڕۆ بنەماڵەی دزواریان بانگکردووە و ھەڕەشەیان لێکردوون کە ھۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە ڕووداوی ھاتووچۆ ڕابگەیێنن، لە پرسەنامەکەشی لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ھۆکاری مردنی ناوبراو بە ڕووداوی ھاتووچۆ نووسراوە.