بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازیکرد لە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە دیدارێکدا جەخت لە پێکھێنانی حکومەتێک کرایەوە، ببێتە مایەی رەزامەندی ھەموولایەک و وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت.

ھاوکات سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سووربوونی یەکێتی بۆ چارەسەری سیاسییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ھاوبەشیی راستەقینە لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی ھەمووان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، دەبێت بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان بنەمای کارکردنی داھاتوو بێت.

سەبارەت پرسی سەرۆککۆماریش بەرچاوڕوونی دایە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و رایگەیاند، لەسەرەتاوە نەک بەتەنیا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵکو بۆ ھەموو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بڕوایان بە یەکھەڵوێستی و یەکگرتوویی کورد ھەبووە لە بەغداد، پۆستی سەرۆک کۆماریش ھەر لە چوارچێوەی ھەوڵەکانە بۆ پاراستن و بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد.