خانەنشینکراوانی کۆمپانیاکە ڕایانگەیاند پێشتر کەفەرمانبەربوون لەو کۆمپانیایە خانویان پێدرابوو تێیدا نیشتەجێ ببن بەڵام ئێستا دوای خانەنشینبونیان داوایان لێکراوە خانوەکانیان چۆڵبکەن.
خانەنشینکراوانی کۆمپانیای نەوتی باکور داوایان لەوەزارەتی نەوتی عیراق کرد وەکو ھاوشێوەکانیان کەئێستا فەرمانبەری دەوڵەتن و خانوەکانیان لەسەر تاپۆ دەکرێت،بڕیاری تاپۆکردنەکە ئەوانیش بگرێتەوە.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، لەو ھەشت ھەزار و ٤٠٠ سەرپێچییە، ٤ ھەزار و ٥٩٦ سەرپێچی تەنھا لەسەر پێوەری زیرەک بووە و زۆرترین سەرپێچیش لە پارێزگای ھەولێر تۆمارکراوە. راشیگەیاند، بەھۆی سەرپێچییەکان ٤ ھەزار و ٨٤٧ کەس سزادراون و ٢٩ دۆسیەش رادەستی دادگا کراون.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، ئەو کەسانەی سەرپێچییان کردووەتە سەر تۆڕەکانی کارەبا، سزا دراون و بەھۆی سزادانیان یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار گەڕێنراوەتەوە بۆ حکومەت.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، پاش ئەوەی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٨ی ئەیلووی ٢٠٢٢، دۆخی تەندروستی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری تێکچوو، بەمەبەستی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی کرد و چارەسەری پێویستی بۆ ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە تەندروستییەکی باشەوە نەخۆشخانەی بەجێھێشت و لە ئێستادا لە تەندروستییەکی باشدایە و ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێدەکات.
بە پێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، چەکدارانی نزیک لە تورکیا پێنج کەسیان لە سەر سنوری نێوان سوریا و تورکیا و لە ناوەندی ناحیەی جندرێس ڕفاندووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، گروپە چەکدارەکانی (تەحریر ئەلشام) و (حەمزە) هەشت کەسیان لە گوندەکانی شێراوا ڕفاندووە و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەردانەکەی ژەنەڕاڵ (مایکل ئێریک کۆرێلا) بۆ رۆژئاوای کوردستان و کەمپی ھۆل، ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامی پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ ھەسەدە.
وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش راگەیاندووە، ئەوە بۆ یەکەمجارە کۆرێلا سەردانی کەمپی ھۆل دەکات و بە شێوەیەکی تایبەت گفتوگۆ لەگەڵ دانیشتوانی کەمپەکە دەکات.
ئێریک کۆرێلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا کە سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات، رایگەیاندووە ، ھیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ کێشەی کەمپی ھۆل نییە و تاکە چارەسەریش گەڕانەوەی دانیشتوانی کەمپەکەیە بۆ وڵاتانی خۆیان، وتیشی، ھێزەکانی (ھەسەدە) بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ نەھێشتنی ھەڕەشەی داعش، بەڵام پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی ئەو ھەوڵە بکات.
بە پێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، گوندەکانی (گۆزەلییە و تەویل) کە دەکەونە رۆژئاوای ناحیەی تەل تەمر، تۆپباران کردووە، ھەروەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاش ڕێگای نێودەوڵەتی (ئێم فۆر)ی لە ڕۆژئاوای تەل تەمر بۆردوومان کردووە.
ھاوکات گوندی (ئەلخاڵدیە)ی سەر بە قەزای عەین عیسا تۆپباران کراوە و لە ئەنجامی ھێرشەکەش کەسێک گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
وەزیری ناوخۆی ئێران بە یاوەری پارێزگاری سنە و قائیمقامی مەریوان، سەردانی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی باشماخی کرد و رایگەیاند، ھەرچەندە یەکەمجارە زیارەتکاران لە دەروازەی باشماخەوە ھاتوچۆ دەکەن، بەڵام پێشوازی باشیان لێکراوە، وتیشی، تەنھا رۆژی شەممە نزیکەی حەوت ھەزار زیارەتکاری ئێرانی بە دەروازەکەدا ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و ھیواداران لە ساڵانی داھاتوو ژمارەکان زیاتر بن.
ھاوکات ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ھەموو کارئاسانییەکیان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە ھاتنی زیارەتکاران و ھەر کەسێک سەرپێچی رێنماییەکان بکات رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سزاکان بەپلەی یەکەم دژی سوپای پاسداران دەبێت، کە واشنتۆن وەک قەوارەیەک خستوویەتیە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمریکا سورە لەسەر جێبەجێکردنی ھەموو ئەو سزایانەی کە بە سەر روسیادا سەپاندوویەتی، بەسەر ئێرانیشدا بیانسەپێنێت، لەپای ھاوکاریکردنی لە شەڕی دژ بە ئۆکراین.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سزاکان ھەموو ئەو کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە، کە تێوەگلاون لە بەرھەمھێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و ئەو کۆمپانیایەش کە فڕۆکەکانی بۆ روسیا گواستووەتەوە.
جاسم محەمەد جەعفەر سەرکردە لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان جێگەی بایەخی ئیدارەی ئەمریکایە، بەڵگەش بۆ ئەوە سەردانی بەرپرسانی باڵای واشنتۆنە بۆ ھەرێمی کوردستان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ھەرێمدا.
ئەو سەرکردەیەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا دەیەوێت ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێزی ھەبێت لەناو حکومەتی فیدڕاڵدا، بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاندوە، لە ناخی دڵەوە خەمبارە بە کۆچی دوایی شاژن ئیلیزابێس کە لە سەردەمی نوێدا بۆ درێژترین ماوە زۆرترین خزمەتی پێشکەش کردووە، بەشدارییەکانی لە ماوەی ٧٠ ساڵی رابردوودا شتێکی بێ وێنەیە، شاژن وەک منارەیەکی راستگۆیی و راستی وابوو بۆ بەریتانیا و ھەموو مرۆڤایەتی .
ئاماژەی بەوەشکردوە، شاژن، لە ساتە سەخت و دژوارەکاندا خزمەتی گەلی خۆی و ھەموو خەڵکی کرد، ئەوەش وای لێدەکات وەکو سەرکردەیەکی خانەدان دەربکەوێت، ھەمووان بیری خاوەنشکۆ دەکەن میراتییەکەشی بۆ ھەتا ھەتایە لە دڵیاندا دەبێت.
ھێزەکانی پاراستنی گەل-ھەپەگە رایگەیاند، چالاکییەکان لە ناوچەکانی زاپ و خواکوڕک لە سنوری پارێزگای دھۆک ئەنجام دراون و بەھۆیانەوە شەش سەربازی تورکیا کوژراون کە یەکێکیان پلە باڵا بوو، ھەروەھا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش تێکشکێندراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سێ رۆژی رابردوودا سوپای تورکیا ١٣ جار بە چەکی کیمیایی و شەش جار بە فڕۆکەی جەنگی و ١٠ جار بە ھەلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومانی سنورەکانی ھەرێمی کردووە.
وەزارەتی بەرگری تورکیاش رایگەیاند، لە دەوروبەری شاری عەفرین لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، چوار گەریلا کوژراون.
بەڕێوەبەراتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاند، سبەینێ پلەکانی گەرما نزمبوونەوەیەکی کەم بەخۆیەوە دەبینێت و لە رۆژانی داھاتووشدا چەند پلەیەک نزمتر دەبێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو بۆ سبەینێ، لە ھەولێر ٣٩ پلەی سیلیزی و سلێمانی ٣٨ و لە دھۆک ٣٧، ھەروەھا لە ھەڵەبجە ٤١، لە کەرکوک ٤٣ و لە گەرمیانیش ٤٦ پلە دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، کەسێک لە ڕێگەی فەیسبووکەوە ھەڕەشەی لە کچێک کرد بوو، دواتر لەلایەن بەشی ئایتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە سکاڵا تۆمارکرا و بەدواداچوون بۆ کەیسەکە کرا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە بڕیاری دادوەر و بە (ماددەی ٢ی خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان) لەلایەن بەشی لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە بڕیاری دەستیگرکردنی بۆ دەرچوو، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار دانینا بە تاوانەکەیدا و رووبەرووی یاسا کرایەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممەی ڕابردوو لەسنوری ھەنگەژاڵی بانە کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بەتەقەی ھێزە ئەمنیەکانی ئێران برینداربووە، ھەروەھا ڕۆژی شەممەش لەسنووری نەوسوود کۆڵبەرێکی خەڵکی مەریوان بریندارکراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە ماوەی پێنج رۆژدا ١٦ کۆڵبەر لە سنوری شارەکانی نەوسوود و مەریوان و بانە و سەردەشت لەرۆژھەڵاتی کوردستان بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانی ئێران برینداربوون.