ئەمریکا پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغداد دەکات
کوردسات نیوز
١٦ی شوباتی ٢٠٢٣
دوای سەردانی وەفدی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە بۆ واشنتۆن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە باشترکردن و قوڵترکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ھەردوو وڵات کردووە بە تایبەت باشترکردن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد.
ھەروەھا لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ھەردوولا قسەیانکردووە دەربارەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە روبەروی ئابوری عێراق بووەتەوە بە تایبەتیش ئاستەنگەییەکانی بەردەم بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو.
ھەر بەپێی ئەو راگەیەنراوەکە، ئەمریکا پاڵپشتی تەواوی ھەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ ئەو چاکسازییانەی کە پەیوەندییان بە ئابوری و دراوەوە ھەیە.
ھەروەھا ئەمریکا پشتوانی دەکات لە پێشخستنی سیستمی دارایی و بانکی لە عێراقدا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نەھێشتنی تێکدانی سیستمی دارایی و بەھێزکردنی بازاڕی ئابوریەکەی بەھەموو شێوەیەک.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەروو کە ئەمریکا جەخت دەکاتەوە لەسەر پەرەسەندن و باشترکردنی کەرتی وزە و بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە عێراقدا.



