بانکی ناوەندیی عیراق لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دراوە بیانییەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: بەرزبوونەوەی بەهای دراوەکان پەیوەندیی بە خراپ بەکارهێنانی رەوشی ناوچەکەوە هەیە.
بانکی ناوەندیی عیراق راگەیەنراوێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دراوە بیانییەکان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، بڕی پێویست یەدەگی دراوی بیانییان بۆ دابینکردنی پێویستیی بازاڕ و گەشتیاران، بە بەهای رەسمیی دیاریکراو، هەیە.
ئەوەشی روونکردووەتەوە، بەرزبوونەوەی بەهای دراوەکان لە بازاڕدا، پەیوەندیی بە ئاڵوگۆڕی دراو لە ناوخۆدا و خراپ بەکارهێنانی رەوشی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە، لەلایەن هەندێک کەس و لایەنەوە، هەیە.
ئەوەشی خستوڕوو، تەنها پشت بەو زانیاری و داتایانە ببەستن کە بەرەسمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەردەچن و پێویستە نەکەونە دوای ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لە سەرچاوە باوەڕپێنەکراوەکانەوە بڵاودەکرێنەوە.