بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، مەسعود کوردپور کە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و تێکدانی ئارامی وڵات، سزای ١٧ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابوو، لە زیندانی بۆکان ئازاد کراوە.

کوردپور دوای ئازادکردنی رایگەیاندووە، نە بەشێوەی راستەوخۆ و نە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای لێخۆشبوونی پێشکەشنەکردووە.

ھەفتەی رابردوو و بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەئی رێبەری وڵاتەکە بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ھەزاران زیندانی و لەوانەش دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو دەرکرد، لەچەند رۆژی رابردووشدا زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کورد و ژمارەیەک چالاکوانی رۆژھەڵاتی کوردستان بڕیارەکە گرتنیەوە و ئازادکران.