بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی (سی پی)ی ئەمریکی، پێنج کۆمپانیای بەرھەمھێنەری نەوت لە ھەرێمی کوردستان کە بە ھەموویان رۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە، گروپێکیان پێکھێناوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن کە یەکێکە لە کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوتی ھەرێم رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکەن دژی وەستاندنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە بەھۆیەوە ناچاربوون بەرھەمھێنانی نەوت رابگرن.

رۆژی ١٨ی ئەم مانگەش نوێنەری ھەر پێنج کۆمپانیاکە ترس و نیگەرانییەکانیان لە داھاتووی کارەکانیان گەیاندووەتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، داواشیان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردووە فشارەکانیان بۆسەر ھەرێم و بەغداد و ئەنقەرە زیاتر بکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە و بە وردی چاودێری ھەر رێککەوتنێکیش بکەن کە لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا ئەنجام دەدرێت.

لە نامەیەکدا بۆ ئەمریکا و بەریتانیا، ئەو پێنج کۆمپانیایە دەڵێن، بەھۆی زیادبوونی ناکۆکی و ململانێکانەوە ناتوانن وەبەرھێنانی نوێ لە ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت کێڵگەکانی بەرھەمھێنانی نەوت توشی داڕوخان دەبن و بە ھیچ جۆرێک ھەلی وەبەرھێنان لە غازی سروشتیدا نایەتە دی.