رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی:

-گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکان پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
-چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی ھاتوچۆ لە نێوان ھەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای کۆیە ھەولێرە بە ھەر پێنج قۆناغەکەیەوە
-لەپلانی ئەمساڵیشدا بۆ جارێکی تر داوای بودجەمان کردوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە

دەقی رونکردنەوەکە:

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەک وەزارەتێکی خزمەتگوزار، ئەرکی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان درێغی ناکات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاککردن و دروستکردنی رێگا ھەیە، لەمڕوەوە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا سەرباری قەیرانەکان و ئەوەی لە تواناو دەسەڵاتی وەزارەتدا بوە، ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداوە، ھەربۆیە ھەمیشە خزمەتکردنمان بە ئەرک زانیوە بەرامبەر ھاونیشتیمانیان لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.

ئەوەی لە ئێستاشدا بەشێک لە ھاوڵاتیان ژمارەیەک لە رێگاکانیان گرتوە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن.

لەئێستادا رێگای بەستنەوەی نێوان ھەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگای کەرکوک پێکھاتوە لەم رێگایانە:

ا- رێگای ھەولێر-کۆیە-دوکان
ب-رێگای ھەولێر-سماقوڵی-دوکان
ج-رێگای ھیران-شەقڵاوە
د- رێگای دۆڵی بالیسان

ھەر چوار رێگاکە لاوەکین و رێگای بەستنەوەی نێوان ھەولێر بۆ سلێمانین و بە پێچەوانەشەوە، کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر گوزەری پێدا دەکەن، کە بە نزیکەیی بریتیە لە ١٥٠٠٠ ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر و تێیدا ٣٠٠٠ تانکەر و بارھەڵگرن و زۆربەی بارھەڵگرەکان رۆژانە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەکەن.

ئێمە وەک وەزارەت ھەوڵی تەواومان داوە و دەیدەین بۆ باشکردنی باری رێگاوبانەکان و نۆژەنکردنەوەیان، بۆ نمونە ھەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی ٢٠١٩ بە بڕی نزیکەی ٤٢ ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی ھەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک کە لە خزمەت ھاوڵاتیانی کوردستان بێت و بتوانن بەکاریبھێنن، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بوە چاککردنەوە لە ڕێگاکان بەردەوام بوە، بەڵام داخستنی ڕێگاکان لە لایەن ھاوڵاتیان پەیوەندیدارە بە  رێگریکردن بە تێپەڕبونی بارھەڵگر بە ناوچەکانیاندا، دیاریکردنی ئاراستەی ھاتوچۆ و بە تایبەتیش بارھەڵگرەکان ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆ و سەرۆکی یەکە ئیداریەکانە لە پارێزگاکان نەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.

ھاوکات جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی بە بڕوای ئێمە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی ھاتوچۆ لە نێوان ھەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای ھەولێر کۆیەیە (بە ھەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی ڕابردو وەک وەزارەت ھەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانکردوە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت بەڵام بەداخەوە بە ھۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی ٢٠٢٣ وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردوە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی.

لە کۆتاییدا رایدەگەیەنین؛ تیمەکانی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، وەک چۆن لە رابردو ھەمیشە لەخزمەتی ھاونیشتیمانیان و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بوە، لەئێستاشدا تیمەکان دەخەینە خزمەتی ھاوڵاتیان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگا لاوەکیانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە بە پێی ئەو توانایەی لە بەردەستمان دەبێت.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن 
٢٠٢٣/٤/٣٠