یەکێتی: پێداگری لە بەدەستھێنانی مافەکانی کرێکاران دەکەین
کوردسات نیوز
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٣
دەقی پەیامەکە...
لە یەکی ئایار جەژنی جیھانیی کرێکاراندا، پیرۆزبایی گەرم لە کرێکارانی کوردستان و عێراق وجیھان دەکەین.
کرێکاران لە گەشە و بونیادنانی وڵاتەکەماندا، لە کەرتی گشتی وکەرتی تایبەتدا رەنجی بازوییان بۆ رۆڵگێڕانی بەرچاوی ئاوەدانی خستۆتەگەڕ، وەک توێژێکی کارای کۆمەڵایەتیش ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی خەباتی نیشتمانیی و نەتەوەیی بۆ رزگاری و ئازادی ئامادەیی مەیدانییان ھەبووە. خەباتی چینایەتی و نیشتمانیی کرێکارانی کوردستان و عێراق ھوشیاری سیاسیی و سەندیکایی ئەوانی پێشخستووە و بۆ داکۆکی لەسەر ماف و داخوازییەکانیان شیلگیری کردون، بەڵام ھێشتا ھەلومەرجی کار و سەلامەتی ژیان و ئاستی گوزەرانیان بە ئەندازەی کۆششی ئاوەدانی و بارتەقای رەنجی خەباتی سیاسییان نییە.
لەساڵی ٢٠١٢ وە یاسای (بیمەی کار) و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ شەوە بەکۆششی تیمی حکومیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و فراکسیۆنەکەی یاسای کار لە پارلەمانی کوردستان دەرچوون و ماوە بکەوێتە بواری جێبەجێکرددنەوە.
وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سونگەی باوەڕبوون بە دادپەروەری کومەڵایەتی و چینایەتی، پێداگری دەکەین لە بەدەستھێنانی مافەکانی کرێکاران و ھەرچی زووە ئەو دوو یاسایە جێبەجێبکرێت و شوێنەواری یاساکانی رژێمی بەعسی ڕووخاو بە تایبەتی یاسای ناسراو بە ( ١٥٠) کە مافی خۆرێکخستن و بیمەی کرێکارانی ھەڵوەشاندبۆوە نەھێڵڕێت، ھەموو ئەمانە لە پێناوی باشکردنی بژێو و ژینگەی کاری کرێکاراندایە .
داواش دەکەین سەندیکاکانی کرێکاران شیلگیرانەتربن لە خەباتیان بۆ بەدیھێنانی گشت مافەکانی کرێکاران .
ھەر لەم بۆنەیدا درود بۆ گیانی پاکی ئەو کرێکارانەی لە مەیدانی کار وتێکۆشاندا گیانیان بەخشی ، دەنێرین .
سڵاو لە رەنجدەرانی بیرو بازووی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان