عەلی باپیر: نابێت ھیچ لایەنێک پەرلەمان و حکومەت بە موڵکی خۆی و حزبەکەی بزانێت
کوردسات نیوز
٢٣ی ئایاری ٢٠٢٣
عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، شکاندنی شکۆی دامەزراوەکانی ھەرێم ھۆکاری پووکانەوەی ھەرێم و بێ ئیعتیبارکردنیەتی و شیعاری بێ کرداریش دادی کەس نادات و ھیچ دەردێک چارەسەر ناکات، بۆیە پێویستە بۆ مانەوە و بەردەوامی ھەرێم، ھەمووان پابەندی پڕەنسیپ و یاساکان بن و ھیچ لایەنێک پەرلەمان و حکومەت بە موڵکی خۆی و حزبەکەی نەزانێت، چونکە لە ئەسڵدا ھەرێم و دامەزراوەکانی موڵکی ھەموو خەڵکین.
راشیگەیاندوە، سەپاندنی دۆخێکی تایبەت بەسەر ھەرێمدا، دژی بنەماکانی تەبایی و پێکەوەژیان و سازانی نیشتمانی و ڕێز لەیەکدی گرتن و ھیچ بەرھەمێکی لێ ناچنرێتەوە، کەواتە با عیبڕەت و پەند لە ھەڵەکانی ڕابردوو و شێوەی ئیدارەدانی خراپ وەربگیرێت و چیدی ھەرێم ئیحراجی ئەملاولا نەکرێت و بزانرێت کە بەبێ رێککەوتن و سازانی نیشتمانی لەسەر چۆنیەتیی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنی یاساکەی و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، ھیچ چارەیەکی دیکە نییە و ھەر کەس بە دادگەریی سەغڵەت ببێ، بەستەم و زۆر سەغڵەتتر دەبێ.