فراکسیۆنی ئازادی: نابێت کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن بەشێوەی قۆرخکاری کارابکرێتەوە
هادی
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣
فراکسیۆنی ئازادی لە لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت کۆبوونەوەی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێم رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی دیموکراتیانە ھەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بۆی داوا لە ھەموو فراکسیۆنەکان دەکات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشە ھەنوکەییە بکەن، چونکە دەتواندرێت بە رێگای دیالۆگێکی نیشتیمانی چارەسەری گرفتە سیاسیە و یاساییەکان بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، فراکسیۆنی ئازادی لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبووە، پێویستە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجامبدرێت، داواشیانکردووە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی کۆمسیۆنێک بێت جێگای متمانەی ھەموو لایەنەکان بێت، نەک بەشێوەی قۆرخکاری لەنێوان پێنج لایەن کارابکرێتەوە، لەکاتێکدا ھەندێک فراکسیۆن لە پەرلەمان کشاونەتەوە و دەیانەوێت لە کۆمیسیۆن بمێننەوە و بەردەوام بن، ئەوەش دوو فاقیەتە لە سیاسەتدا، بۆیە جەخت لە کۆمسیۆنێکی ئازاد و سەربەخۆ دەکەنەوە.