فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی دوو شەممەی پەرلەمان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، جارێکی تر پارتی دیموکراتی  کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، تاک لایەنە و بە نایاسایی بڕگەیەکی بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی دوو شەممەی پەرلەمانی کوردستان زیادکردووە کە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمە.

فراکسیۆنی یەکێتی راشیگەیاندوە، ئەو ھەنگاوەی پارتی پێچەوانەی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمان و رێکەوتنی سیاسی لایەنەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دوو پرسی نیشتمانین و دەبێت دوای رێککەوتن و سازانی لایەنەکان بە یەکەوە بخرێنە بەرنامەی کارەوە و کاریان لەسەر بکرێت، بەڵام پارتی نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ ئیمزاکردن لەسەر  بابەتێکی ناپەیڕەوی.

دەشڵێت، ئەو ھەنگاوە بە ئاراستەی  قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانە دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانیش، وەک فراکسیۆنی یەکێتیش ئەو ھەنگاوە نا یاسایی و ناپەیڕەویە رەتدەکەنەوە و ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەنە ئەستۆی ئەنجامدەرانی.