حیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووری قەتەر رایگەیاند، لە بارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە، لەناوخۆی عێراق ھیچ جۆرە کێشە و گرفتێک نەماوە و ھەموو رێککەوتنێکیش لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا کراوە.

وتیشی، ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی تورکیان، چونکە پێیان وتراوە لیژنەیەکی ھونەری پشکنین بۆ بۆری گواستنەوەی نەوت دەکات بۆئەوەی دڵنیابن بەھۆی بومەلەرزەکەی چەند مانگی رابردووەوە زیانی بەرنەکەوتووە.

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق بە پلان و بەرنامە کار بۆ رێکخستنەوە و زیاتر گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و زیادکردنی بەرھەمھێنان دەکات بەتایبەتیش کەرتی غاز، دەیەوێت رێگاکانی ھەناردەکردنی نەوتیش ھەمەجۆر بکات لە پێناو داھاتی زیاتر و گەشەپێدانی کۆی ئابووری عێراق.