لە چەمچەماڵ گەنجێک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا
کوردسات نیوز
٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە چێشتخانەیەکی چەمچەماڵ دەمەقاڵێ لەنێوان گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ و چەند کەسێکی دیکە روویداوە و دواتر لە دەرەوەی چێشتخانەکە گەنجەکە لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کوژراوەکە پێشەی پێشمەرگە بووە و خەڵکی گوندی گوڵمکی سنوری ناحیەی ناوشوانە و دانیشتووی چەمچەماڵە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەڵگەو تاوانی چەمچەماڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رووداوەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی روویداوە و سکاڵا لەسەر شەش کەس تۆمارکراوە.
ئاشکراشیکرد، ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە ناسراون و کوژراوەکە و تەقەکەرەکانیش خزمی یەکترن، بەڵام تائێستا تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون.