بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیکرد لە فۆتوشی ماتسۆمۆتو باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ھەرێم و عێراق و لێکتێگەیشتن و دیالۆگی بەردەوامی نێوان لایەنەکان بە ئامانجی چارەسەری کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا گفتوگۆی لەسەرکرا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی یەکخستنی ھەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی ھەرێم و پرسی ھەڵبژاردن، ھەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند، زەمینەیەکی لەبار بۆ گەیشتن بە سازان و رێککەوتنی نیشتمانی ھاتووەتە ئاراوە و ھەموو ھەوڵێکیشیان لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی و خزمەتکردنی زیاتری ھاوڵاتییاندایە.

وتیشی، گفتوگۆکان لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لەھەرێم بەردەوامە و ھیوادارن ئەو خاڵانەی ناکۆکی لەسەرە، بەزووترین کات رێککەوتنی لەسەر بکرێت و ھەڵبژاردنێکی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ھەر لە دیدارەکەدا بەھێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان ھەردوولا تاوتوێکرا.