عێراق روونکردنەوە لەبارەی جوڵەی ھێزە ئەمنییەکان لە کەمپی مەخموور دەدات
ئایار
٢١ی ئایاری ٢٠٢٣
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان بە ئامانجی دابینکردنی سەلامەتی بۆ ھەموو نیشتەجێبووەکانی کەمپەکە، لەو رەفتارە نایاساییانەی کە ھەندێک لە نیشتەجێبووەکانی کەمپەکە ئەنجامیانداوە و سەریان کێشاوە بۆ ناسەقامگیریی لە عێراق و زیانگەیاندن بە پەیوەندییە ھەرێمییەکانی عێراق.
رەتیشیکردووەتەوە کە ھێرشکرابێتە سەر کەمپەکە و دەڵێت ھیچ نیاز و پلان و فەرمانێکیش نییە، بۆ جێبەجێکردنی رێکار لەناو کەمپەکە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت، دەستووری عێراق و ستراتیژییەتی حکومەتی ئێستا بەپێی کارنامەکەی، دابینکردنی پاراستنی تەواوەتی و پاڵپشتییە لە ھەموو پەنابەران لە خاکی عێراق، ھەروەھا حکومەت رێگە نادات عێراق ببێتە ناوچەی ئۆپراسیۆن لەدژی وڵاتانی دراوسێ.
داواشی لە رێکخراوەکان و دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرێتیی کەمپەکە کرد، ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان بکەن، لە دابینکردنی ئاسایش و رەتکردنەوەی پێشێلکاریی نایاسایی، راشیگەیاند، رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر ھەر کەسێک دەگرنەبەر کە دژی بەرژەوەندی گشتیی عێراق بوەستێت و ھەوڵی دروستکردنی پشێوی بدات.