وەزارەتی دارایی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
حكومەتی هەرێم وادەی دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراقیش، هەنگاوەكانی خەرجكردنی موچەی مانگی ١١ی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێكرد.
ئەمڕۆ وەفدێكی هەرێم چونە بەغداد و لەگەڵ وەزیری دارایی و لێپرسراوانی تری وەزارەتی دارایی عیراق كۆبونەوە.
لە بارەی كۆبونەوەكەشەوە حكومەتی هەرێم رایگەیاند، كۆبونەوەی هەردولا ئەرێنی بووە و رۆژی سێ شەممە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی ١٠ دەكەن، هەركات پارەی تەواوكاریش هات موچەی مانگەكانی تریش دابەشدەكەن.
دواتریش وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاند، هەنگاوەكانی خەرجكردنی موچەی مانگی ١١ی فەرمانبەرانی هەرێم دەستیپێكردوە، رەزامەندیش لەسەر گواستنەوەی ٤٣٠ ملیار دینار بۆ تەواوكاری موچە كراوە، لەماوەی ١٠ رۆژیشدا سەرنج و تێبینییەكان لەسەر لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەردەكرێت، حكومەتی هەرێمیش پابەندكراوە موچەی مانگی ١٠ی فەرمانبەران دابەش بكات.
بەپێی راگەیەنراوەكە، وەفدێكی تەكنیكی ژمێریاری سەردانی وەزارەتی دارایی هەرێم دەكات، بۆ ئامادەكاركردنی بودجەی پێداچوونەوەی مووچەی مانگە كێشەلەسەرەكان.
سەرچاوەیەكیش لە كۆبونەوەكەی نێوان وەفدی هەرێم و عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەم هەفتەیە عیراق بڕی ٧٦٠ ملیار دینار بۆ موچەی مانگی ١١ رەوانەی هەرێم دەكات، ئەگەر لە ماوەی ١٠ رۆژیشدا، تەرازووی پێداچونەوە تەواو بكرێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو دەست بە تەمویلیكردنی موچەی مانگی ١٢ش دەكات.
وتیشی، حكومەتی هەرێمیش بەڵێنیداوە داواكارییەكانی بەغداد جێبەجێبكات و تەرازووی پێداچونەوە رێكبخاتەوە.