جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، فەرمانگەكانی بەشداری پرۆسەی وەبەرهێنانی سلێمانی راسپارد، پلانێكی تۆكمە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی شارەكە ئامادەبكەن و راشیگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو پرۆژەی دووسایدی كەلار- دەربەندیخان تەواو دەبێت.


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆكی فەرمانگەكانی بەشدار لە پرۆسەی وەبەرهێنانی سلێمانی كۆبوەوە و بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی راسپارد، بەردەوامبن لە هەوڵ و ئاسانكارییەكان بۆ وەبەرهێنەران، وتیشی، بە هەموو شێوەیەك هاوكار و پشتیوان دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی بەردەم وەبەرهێنەران.


هەروەها فەرمانگەكانی بەشداری پرۆسەی وەبەرهێنانی راسپارد، پلانێكی تۆكمە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنان ئامادەبكەن و تێیدا، شێوازی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكە دەستنیشان بكەن.


هاوكات، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی قەزای دەربەندیخان كۆبوەوە و رایگەیاند، لەپێناو باشتر خزمەتكردنی دانیشتوانی دەربەندیخان گۆڕانكاری پێویست لە پۆستە ئیدارییەكانی قەزاكەدا دەكرێت، راشیگەیاند، سەرەتای ساڵی داهاتوو دووسایدی كەلار - دەربەندیخان تەواو دەبێت و بەڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە.