پارتە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكانیان لە برۆكسل كۆدەبنەوە
١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ پارتە كوردییەكان كۆبووەوە بەمەمەبەستنی یەكسختنی هەڵوێستەكانیان لە سوریا، ئیلهام ئەحمەد دەڵێت كورد لە دیمەشقەوە رۆڵی گرنگی لە داهاتوی سوریادا دەبێت.
كۆبونەوەی پارتە كوردییەكان لەگەڵ نوێنەری پارت و رێكخراوەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا بەڕێوەچوو لە بەیاننامەیەكی حەوت خاڵیشدا جەخت لە یەكڕیزیی كورد و رۆڵی لە داهاتوی سوریا كراوەتەوە.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاند: كار دەكەن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد لە ئێستا و داهاتوی سوریادا.
وتیشی پێویستە كورد بە یەكڕیزیی و لێكتێگەیشتن لە ناوخۆیاندا ئامادەكاریی بكەن بۆ ئەوەی لە دیمەشقی پایتەخت رۆڵی گرنگ لە داهاتوی سوریادا ببینن.
ئیلهام ئەحمەد جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پارتە كوردییەكان لە باكور و رۆژئاوی كوردستان ناكۆكییەكانیان بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان چارەسەر بكەن و بە یەكڕیزیی رۆڵیان لە بونیادنانەوەی سوریا هەبێت.