پەیەدە پێشوازی لە وتەكانی محەمەد جۆلانی دەكات لەبارەی پێگەی كورد لە سوریا و دەڵێت بەشداری كورد لە پڕۆسەی سیاسی پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆیە و پێویستە ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا رابگەیەنرێت.

هاوسەرۆكایەتیی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" راگەیەنراوێكی لەبارەی وتەكانی ئەحمەد شەرع ناسراو بە محەمەد جۆلانی سەرۆكی دەستەی تەحریر شام و فەرماندەی پڕۆسە سەربازییەكانی سوریا بڵاوكردەوە و جەختی لەوە كردەوە بەشداری كورد لەم قۆناغە راگوزاریەدا بۆ دامەزراندنی سوریای نوێ گرنگە، بەدیهێنانی ئەوەش پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێكهاتەی كورد بۆ گفتوگۆكردن لەسەر نەخشەڕێگای هاوبەش.

راشیگەیاند، لێدوانەكانی ئەمدواییەی جۆلانی سەبارەت بە كورد و پرسی كورد ئەرێنی و بنیاتنەرە.

پەیەدە ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی شۆڕشدا كورد پارێزگاری لە یەكێتی خاكی سوریا كردووە و بەشداری كورد لە پڕۆسەی سیاسی پێویستی بە گفتوگۆی راستەوخۆیە.

هەروەها داوادەكات ئاگربەست لەسەرتاسەری سوریا رابگەیەنرێت و هێرشەكانی سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریاش رابگیرێت.