سبەینێ یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆدەبنەوە و وتەبێژیی یەكێتی دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و پێشهاتەكانی سوریا و ناوچەكە تاوتوێدەكرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ لە پیرمام كۆبوونەوەی هەردوو وەفدی یەكێتی و پارتی بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، كۆبوونەوەكە تایبەتە بە تاوتوێكردنی پرسەكانی تایبەت بە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێشهاتەكانی سوریا و ناوچەكە.

سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لەوەشكرد، "ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەفدی یەكێتی زیادكراوە".

كۆبوونەوەكەی سبەینێ دەبێتە دووەم كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

رۆژی ٣٠ـی مانگی رابردوو، وەفدی یەكێتی و پارتی لە سلێمانی كۆبوونەوە و لە راگەیەنراوێكدا جەختیانكردەوە، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و ئامادەیشیان دەربڕی بۆ درێژەدان بە كۆبونەوەكانیان.