کەشناسیی هەرێم: بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
هەساو ئەمیر
١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لە دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە. نزمترین پلەی گەرماش بۆ سفر و سێ پلە ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان بە گشتی لە نێوان پەڵەهەور بۆ نیمچەهەوردا دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانى دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی سێشەممە، ئاسمان بەگشتی بەرزەهەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆدا کەمێک بەفر لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەرێم دەبارێت، پاشان لە کاتەکانی شەودا ئاسمان بەرەو ساماڵ دەڕوات و کەش جێگیر دەبێتەوە.
کەشناسی روونیشی کردووەتەوە، سبەینێ پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ، تەنها ناوچە شاخاوییەکان نەبێت ١ بۆ ٢ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
بەپێی نەخشەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەشێوەیەکی گشتی نزمترین پلەکانی گەرما لە هەرێمدا بۆ سفر و سێ پلە ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن، بەجۆرێک لە سۆران نزمترین پلەی گەرما سێ پلە لەژێر سفری سیلیزی و لە هەڵەبجە دوو پلە لەژێر سفری سیلیزیەوە دەبێت. جگە لە حاجی ئۆمەران کە بەرزترین پلەی گەرمای بۆ ئەمڕۆ ١ پلە و بۆ سبەینێ سفر پلەی سیلیزی دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 11 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 10 پلەى سیلیزى
دهۆک: 10 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 13 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 11 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 10 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 0 پلەى سیلیزى
سۆران: 8 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 16 پلەى سیلیزى