دوای ٢١ ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی، سەیفوڵا حسێنی ٤٧ ساڵ، لە ئەفریقاوە هەواڵی دایە کەسوکارەکەی لە رانییە، کە زیندووە و لە ژیاندا ماوە و دەگەڕێتەوە ناویان.

سەیفوڵا حسێن، هاوڵاتییەکی شارۆچکەی سەروچاوەیە لە ئیدارەی راپەڕین. سەیفوڵا لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٧ـە، لە ساڵی ١٩٩٦دا بڕیار دەدات بەرەو ئەوروپا بچێت و ئەو رێگایە دەگرێتە بەر، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە وڵاتی کینیا بێسەروشوێن دەبێت و سۆراغی نامێنێت.

کەسوکارەکەی باس لەوە دەکەن، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کینیا بێسەروشوێن بوو و دەنگ و هەواڵی نەما.

هونەر برای سەیفوڵایە و دەڵێت، دوێنێ پیان وتراوە کە براکەی لە ژیاندا ماوە و لە ئەفریقا زیندانی کراوە.

هونەر بۆ کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی سلێمانی، دوێنێ یەکشەممە، پێی راگەیاندوون، براکەیان زیندووە و لە ژیاندا ماوە، بەدرێژایی ئەو ٢١ ساڵە لە زینداندا بووە.

ئەمڕۆ دوای ٢١ ساڵ، تەکنەلۆجیا بووە ئەو ئامڕازەی سەیفوڵا و کەسوکارەکەی بۆ یەکەمجار رووخساری یەکتر ببیننەوە و لەرێگای ڤیدیۆوە قسەیان کرد. هەر لەمڕۆشەوە سەرجەم رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی لە ئەفریقاوە دەگیرێنە بەر.