سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێم لە ١٥ی مانگی رابردوەوە خانەنشینكراوە، ئەنجومەنی وەزیرانیش هەوڵدەدات دادوەرێك بكرێت بە سەرۆكی داواكاری گشتی ئەوەش ناڕەزایەتی لێكەوتوەتەوە.


سەرچاوەیەكی تایبەت بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێم لە ١٥/١١ی ئەمساڵ خانەنشینكراوە، وەزارەتی دادیش داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كردووە، تەمەنی خانەنیشنی سەرۆكی داواكاری گشتی درێژ بكرێتەوە، چونكە لە ١٥ی ١١ەوە كاروباری هاووڵاتیان و ژمێریاری وەستاوە، تائێستاش ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داواكارییەكەی وەزارەتی دادی نەداوەتەوە.


وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران لە هەوڵی ئەوەدایە دادوەرێك بكات بە سەرۆكی داواكاری گشتی ئەوەش ناڕەزایەتی بەرفراوانی لە نێوان داواكارانی گشتی لێكەوتوەتەوە، لەبەرئەوەی كاری داواكاری گشتی لەگەڵ دادوەر جیاوازن، دادوەر بڕیار دەردەكات و داواكاری گشتیش پارێزەری مافی گشتییە و چاودێری پێشێلكارییە یاساییەكانیش لەسەرجەم دام و دەزگاكاندا دەكات بە دادگاكانیشەوە.


ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ٢٠٠ داواكاری گشتی لە هەرێم هەیە، دەستنیشانكردنی دادوەرێك بۆ ئەو پۆستە، نیگەرانی داواكارانی گشتی لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان لێكەوتووەتەوە، دەڵێن، كەسێك دەكرێت بە سەرۆك كە ئەندامی ئەو دامەزراوەیە نییە.


وتیشی، لەئێستادا ١٠٧ ئەندامی داواكاری گشتی یاداشتێكیان بەرزكردوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەری و وەزیری داد، تێیدا داوا دەكەن هەڵوێستییان هەبێت و لە بەرانبەر ئەو پێشێلكارییە بێنە دەنگ و دەستوەردان لە كاروباری داواكاری گشتیدا نەكرێت.