ماوەی نۆ مانگە چارەنووسی پەنابەرێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كەمپێكی كاتی دیپۆرتكردنەوەی توركیا نادیارە و ئەگەری رادەستكردنەوەی بە ئێران هەیە، هاوسەرەكەشی دەڵێت، لە دۆخێكی دەروونی نالەبەردایە.

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ماوەی نۆ مانگە پەنابەرێكی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان بەناوی" ئەژین حوسێنی" لە توركیا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە لە كەمپی "پەهلەوان كۆی" شاری ئەدیرنە دەستبەسەركراوە و چارەنووسی نادیارە، بەجۆرێك نازانرێت رادەستی ئێران دەكرێتەوە یاخود ئازاد دەكرێت.

رەشاد محەمەدی هاوسەری ئەو پەنابەرە كوردە دەڵێت، بەهۆی بەردەوامی فشارەكانی سەر هاوسەرەكەی و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان لەو كەمپەی هاوسەرەكەی تێدا دەستبەسەرە، ناوبراو لەئێستادا نەخۆشكەوتووە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.

دەشڵێت، تاكو ئێستا دادگای تایبەتمەندی توركیا بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسییەی ئەژین حوسێنی نەداوە و لەماوەی دەستبەسەریشدا، رێگەی پێنەدراوە چاوی بە هاوسەرەكەی بكەوێت.