ساڵح موسلیم رایگەیاند، كورد بەشێكە لە چارەسەر لە سوریای نوێ، بەڵام بەرپەرچی سەرجەم ئەو هێرشانە دەدەنەوە كە دەكرێتە سەر رۆژئاوای كوردستان و بەرگریی لە دەستكەوتەكانیان دەكەن.

ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە رایگەیاند، لەگەڵ كۆتاییهێنان بە رژێمی بەعس لە دیمەشق، هاوسەنگیی نوێ لە سوریا هاتووەتەوە ئاراوە و كوردیش بەشێكە لە چارەسەریی بۆ داهاتووی وڵاتەكە، چونكە مەبەستیان نییە سوریا دابەشبكرێت.

راشیگەیاند، توركیا دەیەوێت بە هەموو شێوەیەك لەڕێی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تەحریر شام لە دیمەشق، بە تەواوەتی سوریا كۆنتڕۆڵ بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، تائێستا هیچ پێكدادانێكی راستەوخۆ لەنێوان شەڕڤانان و دەستەی تەحریر شام رووینەداوە، بەڵام چەكدارانی سوری بە بەردەوامی هێرشدەكەنە سەر رۆژئاوای كوردستان و دیمەشقیش هیچ هەڵوێستێكی نەبووە.

ساڵح موسلیم وتیشی، رەتیناكەنەوە سەرجەم هێزە چەكدارەكان لە چوارچێوەی هێزێكی هاوبەش لە سوریا كۆبكرێنەوە و ئەگەر جۆلانی رێگریی لەوەبكات كە توركیا هێرشەكانی دژی كورد رابگرێت، ئەوا كورد دانوستانی لەگەڵ دەكات.