سەرۆک بافڵ: یەکێتی پارێزگاریکردن لە فرەڕەنگیی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێبێت) لە خوشک و برایانی مەسیحی لە کوردستان، عیراق و جیهان پیرۆزدەکات و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درەوشاوەی لە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردندا هەیە، دڵخۆشین ساڵانە لەگەڵ خوشک و برایانمان لە پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتەکانیتردا یادی بۆنە و جەژنەکانمان دەکەینەوە و برایەتیی نێوانمان قووڵتر دەکەینەوە".
دەقی پەیامەکە
جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێبێت) لە خوشک و برایانی مەسیحی لە کوردستان، عیراق و جیهان پیرۆزبێت، هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی وە ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بهێنێت.
هەرێمی کوردستان مێژوویەکی درەوشاوەی لە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردندا هەیە، دڵخۆشین ساڵانە لەگەڵ خوشک و برایانمان لە پێکهاتەی مەسیحی و سەرجەم پێکهاتەکانیتردا یادی بۆنە و جەژنەکانمان دەکەینەوە و برایەتیی نێوانمان قووڵتر دەکەینەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پابەندیی خۆی بە رێزگرتن و بەرگریکردن لە ئازادی و جیاوازییەکان دووپاتدەکاتەوە و پارێزگاریکردن لە فرەڕەنگیی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت. ئەوەی لە رابردوودا کارمان بۆ پاراستنی ماف و بەدیهێنانی خواستی سەرجەم پێکهاتەکان کردووە، لە داهاتووشدا بەردەوامیی پێدەدەین و دڵنیایی دەدەین هەرێمی کوردستان وەکچۆن لانکەی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە، هەروا دەمێنێتەوە.
جەژنتان پیرۆزبێت و شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان