دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پەیامێکی لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە بڵاوکردەوە
هەساو ئەمیر
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی پەیامێکی لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، هەوڵەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرز دەنرخێنن تایبەت بەو پرسە.
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "تاوانەکانی سەدەی حکومەتی دەسەڵاتی فاشیستی بەعسی رووخاو و ستەمکاری و دڕەندەیەتی بەرانبەر بە خەڵکی سڤیلی کوردستان برینێکی ساڕێژ نەبووە، هێشتا ئاسەواری لە ناو هەموو خێزانێکی کورد ماوە و رۆژانە دەکولێتەوە و ئازەرەکانی نەوە بە دوای نەوە دەگوازێتەوە".
ئەوەش هاتووە، "ناوبەناو گۆڕێکی دیکە دەدۆزرێتەوە سوێدەکرێت بە جەرکی خێزان، بنەماڵەیەکی تر، ئەوەش لە ژێر ناوی ئەنفال و شاڵاوەکانی ئەنفالدا بە هەزاران ژن، منداڵ، پیر و لاو لە زێدی خۆیان لە کوردستان راگوێزران بەرەو بیابانەکانی باشوری عیراق لەوێ بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی، بە دڕندانەترین شێوە بەزیندووی و بە بەرچاوی یەکدیەوە زیندەبەچاڵ کران".
دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی نووسیویشییەتی، "رۆژی یەکشەممە ٢٢ی ئەم مانگە، گۆڕێکی دیکە لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدرایەوە. دیمەنەکانی ناو گۆڕەکان ناخ هەژێنن، قوربانییەکان هەموو کوردن و لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا زیندەبەچاڵ کراون، کە هیچ مرۆڤێک لەئاست ئەم تاوانە قێزەونە ناتوانێت بێدەنگ بێت ناخی مرۆڤەکان ڕادەچڵەکێنێت، بەداخەوە پرسەی خستەوە ناو هەموو ماڵێکی خاوەن ویژدان خەندە و خۆشییەکانی رەواندەوە".
دامەزراوەکە هاوخەمی بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالی کوردستان دەرببڕێت دەشڵێت، "قەبارەی گەورەیی ئەم تاوانە هەرگیز لەیاد ناکەین، دۆزینەوەی ئەم گۆڕەش بۆ هەمووان ئازار و مەینەتییە".
لە پەیامەکەدا دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال سوپاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراقیش دەکات کە هەڵوێستی خۆی بە زمانی کوردی لەسەر هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دەربڕی و داواشی لێدەکات، "قەربووی کەسوکاری ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە بگرێتە ئەستۆ، ئەرکی یاسایی و مرۆڤی خۆی جێبەجێ بکات".
ئەوەش خراوەتە روو، پێویستە تاوانی ئەنفال لەسەر ئاستی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر بناسرێت، پێویستە حکومەتی عیراقی قەرەبووی کەسوکاری قوربانییەکان بکاتەوە هەرچی پێویستە بۆ گەڕان بەدوای گۆڕە ونبووەکانی دیکەش کاری پێویست ئەنجام بدات.
رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە سەماوە راگەیەنرا، کە چەندین ژن و منداڵ و تەنانەت ژنی دووگیانی تێدایە.
تاوانی ئەنفال:
حکومەتی بەعس بە چەندین شێواز هەوڵی تەعریبکردنی ناوچە کوردییەکانی داوە و لە سەرەتاشدا لە گوندەکانی کەرکوک و دەوروبەری دەستیپێکرد لە ساڵی ١٩٦٣، جگە لە راگواستن و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلی لە ساڵانی ٧٠ و ٨٠کاندا. دواتر ئەنفالکردنی هەشت هەزار کەس 'ئەنفالی بارزانییەکان' لە ساڵی ١٩٨٣ و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە چەندین ناوچە، کە دیارترینیان هەڵەبجە بوو.
ئەوە جگە لەوەی نزیکەی پێنج هەزار گوند لەنێوان ساڵآنی ٧٠ بۆ کۆتایی ٨٠کاندا خاپورکراون.
ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨، کە لە ساڵی ١٩٨٨ و بە دواوە، حکومەتی بەعس لەژێر ناوی سورەتی "الأنفال"دا بە شەش قۆناغ تاوانی ئەنفالی دژ بە کورد ئەنجامدا، لەو پڕۆسەیەدا حکومەتی بەعس بە سەرکردایەتی عەلی حەسەن مەجید، ١٨٢ هەزار هاووڵاتی مەدەنیان زیندەبەچاڵ کرد.
لەبارەی بەکارهێنانی ناوی ئەو سورەتەی قورئان، ماڵپەڕی رەسمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا نووسیویەتی، "ناوی ئەو سوورەتە بۆ ئەو پرۆسەیە لەلایەن حزبی بەعسەوە بە هەڵە بەکارهاتووە".