هاوسەرۆكی دەم پارتی: دانانی قەیوم كودەتایە و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلە
٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بەهۆی دانانی قەیوم 10 رۆژە نارەزایەتییەكان لە بەردەم شارەوانی ئاكدەنیزی مێرسین بەردەوامە، هاوسەرۆكی دەم پارتیش دەڵێت، دانانی قەیوم كودەتایە و دەبێت كۆتایی پێبهێنرێت.
پەرلەمانتارانی دەم پارتی و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە خۆپیشاندانەكان بەشداربوون، نزار ئەسەن هاوسەرۆكی ئاكدەنیزی دەم پارتی رایگەیاند، دانانی قەیوم كودەتایە و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلە و دەبێت ئەو بابەتە كۆتایی پێبهێنرێت.
رازییە سۆنەر ئەندامی دایكانی ئاشتیش دەڵێت، دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە قبوڵ ناكەن، بە ئیرادەی خۆیان شارەوانییان بە دەست هێناوە تاوەكو كۆتایی تێدەكۆشن.
ئەوەش لە كاتێكدایە لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە 31ی ئاداری 2024، بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا سەرۆكی شارەوانی ئێلح و ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ و خەلفەتی روها و مێردین ئاكدەنیزی مێرسن لە كارەكانیان دورخراونەتەوە و قەیوم لە جێگەكانیان دانراوە.